شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوە

دیناری عێراقی فۆتۆ: کەناڵ8

شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی مووچە و داهات کۆبوونەوە.

دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد رایگەیاند، شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی داهاتی نانەوتیی مانگی یەک و دوو کردووە و شاندی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان لەبارەی داهاتی نانەوتی داوەتە وەزارەتی دارایی عێراق کە داهاتیان چەند بووە و چۆن رادەستی عێراق دەکرێت.

گوتیشی، ئامادەکاری دەکرێت بۆ هاتنی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغداد.

رۆژی 24ی نیسانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا، شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی بچێتە بەغداد.