کەناڵ8 نوێترین زانیاری لەبارەی وادەی نوێی هەڵبژاردن ئاشکرادەکات

ژن و پیاوێک پاش دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە سلێمانی. فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

کەناڵ8 ئاشکرای دەکات، پاش گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، بڕیارە مەرسومێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات و لایەنە عێراقییەکانیش نەرمییان نواندووە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 کە لەچەند سەرچاوەیەکی باڵاوە دەستی کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی لەسەردانەکەی ئەمجارەیدا بۆ بەغداد بە لایەنە عێراقییەکانی گوتووە، ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نێوەندگیریی ناکەن، رێگریش نەبن لە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ، داواش بکەن وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان شەش مانگی دیکە درێژبکەنەوە.

 لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش نەرمییان نواندووە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بەهەمان پێکهاتەی ئێستایەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە لایەنە عێراقییەکانی گووتووە نێوەندگیریی بکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە سەرۆکی هەرێمیان گووتووە هەڵبژاردن پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و ئەوان دەستوەردان لە پرسەکە ناکەن.

لێدوان و بەیانەکانی ئەمڕۆی سیاسییەکانی عێراق زانیارییەکانی کەناڵ8یان پشتڕاست کردەوە، کە هەریەکە لە نوری مالیکی و هادی عامری و عەمار حەکیم جەختیانکردەوە دواخستنی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، نووری مالیکیش گوتی گوێیان لێبووە سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژاردن دوادەخەن بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ.

هەر لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایەنە عێراقییەکانی کردووە بۆ پشتگیریکردنیان لە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.