تورکیا: کارمەندە تورکییەکانی ناو کێڵگەی کۆرمۆر داوای دەربازکردنیان کردووە 

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و کێڵگەی غازی کۆرمۆر

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی پەیوەست بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەن و کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر رێکاری پێویستی لەوبارەیەوە گرتووەتە بەر.

ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی لەبارەی داواکاریی ئەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کاردەکەن.

کەچەلی ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک کۆمپانیای وڵاتەکەی لە کێڵگەی کۆرمۆر کاردەکەن و زانیارییان بەدەستگەیشتووە کە کارمەندانی کۆمپانیاکان داوایانکردووە دەرباز بکرێن، کۆنسوڵخانەی وڵاتەکە هاتووەتە سەر خەت و کاری پێویستی کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکردووە، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەی کە رۆژی هەینی رابردوو کێڵگەی غازی کۆرمۆری لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵی سەربە سلێمانی کردە ئامانج، جگە لە زیانە ماددییەکان و راگرتنی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتیی، چوار کەس گیانیانلەدەستدا و  ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.