ئامانج رەحیم: لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد گەیشتینە چەند پێشنیار و خاڵێکی هاوبەش

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی تیمی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەگەڵ بەغداد گەیشتووینەتە خاڵێکی هاوبەش بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەژێر رۆشنایی یاسا فیدراڵییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، ئامانج رەحیم، سەرۆکی تیمی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەگەڵ شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی بە سەرپەرشتیی محمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان کۆبووینەوە.

ئامانج رەحیم گوتیشی، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە گفتوگۆکردن بوو لەسەر جێبەجێکردنی دوا بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دەستپێشخەریی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی نەختینەیی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییە فیدراڵییە بەدەستهاتووەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەیەکی نەختینەیی لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە وەک پابەندییەکی هەرێمی کوردستان.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی، دوای گفتوگۆ گەیشتینە چەند پێشنیار و خاڵێکی هاوبەش بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەژێر رۆشنایی یاسا فیدراڵییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک شاندی هەرێمی کوردستان جەختمان لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان کردەوە بە دوابڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٩ لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٩ و ماددەی ١٢ و٢١ لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ ژمارە ١٣ ساڵی ٢٠٢٣، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی رژد بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی هەموو کێشە داراییە تەکنیکییەکان دیکە لە پێناوی نەهێشتنی هیچ بیانوو و بەهانەیەک و بۆ زامنکردنی بەردەوامیدان بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

دەشڵێت، رێککەوتین چیدیکە ناکۆکیی تەکنیکیی نێوان هەردوولا نەبێتەهۆی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکەی وەک شایستەی دارایی خۆی چەسپێنراو بە گوێرەی یاساکان، کارکردن لەپێناو خەرجکردنی تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە ناو بودجەی عێراق بۆ خەرجییەکانی تەشغیلی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.