عەلى حەمەساڵح: هەڵبژاردن دوابکەوێت لە بەغداد سکاڵا لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆماردەکەین

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکى رەوتى هەڵویستى نیشتیمانى

سەرۆکى رەوتى هەڵویستى نیشتیمانى رایگەیاند، پڕۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کەوتووەتە دۆخێکى نادیارەوە و دواخستنى پڕۆسەکەش پاساو هەڵناگرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى رەوتى هەڵویستى نیشتیمانى لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دەبێت حیزبەکان بێدەنگ نەبن، فشاری یاسایی، سیاسی و مەدەنی بەکاربهێنن بۆ رێگریکردن لەو هەوڵانەی دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخەن.

بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، "ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دواخستنی هەڵبژاردنە، ئەم هەوڵەش لەکاتێکدایە کۆمیسیۆن لە 7ـی تەمووز وادەی یاسایی تەواو دەبێت و گەرەنتی نوێکردنەوەی تەمەنی کارکردنیشی نییە، بەمەش هەڵبژاردن دەکەوێتە دۆخێکی نادیارەوە.

سەرۆکى رەوتى هەڵوێستى نیشتمانى ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی پارتی دیموکراتى کوردستان روونە و رێگرییە لە هەڵبژاردن و هێشتنەوەی ئەم دۆخە وەک خۆى.

باسی لەوەشکردووە، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت، لە دادگای تایبەتمەند لە بەغداد سکاڵا لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆماردەکەین. ئەرکی لایەنەکانی دیکەشە کە لەگەڵ پارتیدا لە حکومەتن، بکشێنەوە و بەم دۆخە لەناو یاساشکێنیدا نەمێننەوە.

_