ئێران پەردەی لەسەر درۆنێكی بۆمبڕێژکراوی نوێ لادا

كاتی تاقیكردنەوەی درۆنە ئێرانییە نوێكان.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران نوێترین درۆنی بۆمبڕێژکراوی تاقیکردووەتەوە، کە هاوشێوەی درۆنی لنستی رووسیایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوە دەتوانێت بۆ ماوەی 30 تاوەکو 60 خولەک بفڕێت و تەقەمەنی بەبڕی سێ بۆ شەش کیلۆ هەڵبگرێت و لە دووریی 40 کیلۆمەتر لە ئامانجەکەی بدات.

بەگوێرەی تایبەتمەندییەکانی درۆنە رووسییەکە، ئەو درۆنە دەتوانێت زرێپۆشەکان، شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکان و تەنانەت تۆپخانە و بەشی پشتیوانیی هێزی بەرامبەر بکاتە ئامانج.

گەرچی تاوەکو ئێستا ناوی ئەو درۆنەكە بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام ئاماژە بەوەکراوە، کە دەبێتە چەکێکی کاریگەری هێزە زەمینیەکانی ئێران.