ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی: بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو 14 سەرباز كوژران و برینداربوون

سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززە
سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززە. فۆتۆ: AFP

ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی ئاشكرایكرد، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك لە غەززە سێ سەربازی ئیسرائیلی كوژران و 11ی دیكە برینداربوون، بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت "ئەو سەربازانە كەوتوونەتە بۆسەیەكی ئەوانەوە".

ماڵپەڕی روتری ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، لە كەرتی غەززە بۆمبێكی چێندراو بە هێزێكی سوپای ئیسرائیلدا تەقیوەتەوە، لە ئەنجامدا سێ سەرباز كوژراون و 11ـی دیكە برینداربوون.

هاوكات، كەتیبەكانی قەسام كە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسن رایانگەیاندووە، ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە كەوتوونەتە بۆسەیەكی ئەوانەوە، بۆسەكە بە بۆمبی چێنراو و مین و ئەو مووشەكانە دانراوە كە ئیسرائیل لە كەرتی غەززە هەڵیداونەتە خوارەوە و نەتەقیونەتەوە.

حەماس ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوكات بارەگای فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلیان لە میحوەری نتساریم لە باشووری كەرتی غەززە لە رێگەی گولــلە هاوەنەوە كردووەتەئامانج.

پاش هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەكەمی 2023، بۆ سەر بەشێكی ئیسرائیل و كوشتنی زیاتر لە هەزار كەس و بەدیلگرتنی زیاتر لە 200 كەسی دیكە، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە دەستیانپێكرد و تاوەكو ئێستا بەردەوامن.

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 34 هەزار كەس كوژراون و دەیان هەزاری دیكە برینداربوون كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها بەشێكی زۆری كەرتەكە وێرانبووە.