سوپای ئەمریكا: رێگریمان لە پێنج درۆنی حوسییەكان كرد

كەشتییەكی جەنگی ئەمریكا لە دەریای سوور. فۆتۆ: AP

سوپای ئەمریكا ئاشكرایكرد، رێگرییان لە پێنج درۆنی حوسییەكان كردووە، كە ببوونە مەترسی بۆ سەر كەشتییەكان لە دەریای سوور.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا ناسراو بە (سێنتكۆم) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە دەریای سوور بە سەركەوتوویی رێگرییان لە پێنج درۆن كردووە كە لە ناوچەكانی ژێر دەستی حوسییەكان لە یەمەنەوە هەڵدرابوون.

روونیشكراوەتەوە، ئەو درۆنانە هەڕەشە بوون بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و كەشتییە بازرگانییەكان لە ناوچەكەدا.

سێنتكۆم باسی لەوەشكردووە، بەردەوامدەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەكان، تاوەكو ببنە ناوچەیەكی ئارام و پارێزراو بۆ كەشتییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و كەشتییە بازرگانییەكان.

پاش دەستپێكردنی جەنگی غەززە، حوسەییەكانی یەمەن دەستیانكرد بە بەئامانجگرتنی كەشتییە بازرگانییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئیسرائیل و وڵاتە هاوپەیمانەكانیان لە دەریای سوور، ئاماژە بەوەشدەكەن كە هێرشەكانیان لەبەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر دانیشتووانی سڤیلی كەرتی غەززە.