لە بۆردوومانەکانی غەززەدا 19 کەس کوژران

كفنكردنی ژمارەیەك هاوڵاتی غەززە كە لە بۆردوومانەكاندا كوژراون. فۆتۆ: AFP

لە بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سێ خانوو لە رەفەح 19 کەس کوژراون و چەکدارانی سەرایا قودسیش هێرشێکیان کردووەتەسەر هێزەکانی ئیسرائیل.

لە بۆردوومانی خانوویەکدا لە نزیک گۆڕەپانی پاسپۆرت لە رۆژهەڵاتی رەفەح حەوت کەس کوژراون، کە سێ کەسیان منداڵە، لە بۆردوومانی ماڵێکیشدا لە کەمپی شابورە لە ناوەڕاستی غەززە شەش کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل خانووی بنەماڵەی تەرتوریان لە رۆژئاوای عەززە بۆردوومانکرد و بەو هۆیەوە چوار کەس کوژران، چەند کەسی دیکەش برینداربوون، لە بۆردومانکردنی ماڵێکی دیکەشدا لە گەڕەکی سەبرا لە غەززە دوو کەس کوژراون.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەردەوامیی هێرشەکانیاندا خانوویەکیان لە گەڕەکی جنینە لە رۆژهەڵاتی رەفەح کردەئامانج و بەو هۆیەوە چەند کەسێكی دیکەش برینداربوون.

هاوكات، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو خانووی بنەماڵەکانی مەشعەل و حەجازیان لە کەمپی شاتی لە رۆژئاوای غەززە و گەڕەکی سەبرە لە باشووری غەززە، گەڕەکی زەیتوون لە رۆژهەڵاتی غەززە و کۆمەڵگەی لایەنگرانی حکومەتیان لە رۆژئاوای غەززە بۆردوومانکرد.

لە بۆردوومانی خانوویەکدا لە گەڕەکی سەلام لە رەفەح، باکووری کەمپەکانی بریج و نەسیرات لە ناوەڕاستی غەززە، چەند کەسێک برینداربوون.

لە بەردەوامیی پێکدادانەکان لە غەززە، سەرایا قودس باڵی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و یەکەی چەکدارانی عەلی مستەفا هێرشیانکردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی ئیسرائیل لە میحوەری نەتساریم لە باشووری غەززە.