بۆرییەکى گاز لە سنوورى پارێزگاى کەرکوک شکا

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ- کەناڵ8

لەگوندى قزلیار لەسنوورى پارێزگاى کەرکوک بۆرییەکى گاز شکا و تیمەکانى گازى باکوور لە ئێستادا سەرقاڵى چاککردنەوەین.

سەرچاوەیەکی تایبەت بەکەناڵ8ی راگەیاند " لەگوندی قزلیار لە سنووری پارێزگای کەرکوک، بۆرییەکی گاز لیکی کردووە، لەتێستاشدا تیمەکانی کۆمپانیای گازی باکوور سەرقاڵى گەڕان و پشکنینن بۆ دۆزینەوەی ئەو جێگایەی لە بۆریە گازەکەدا کون بووە".

هاوکات، پەیامنێرى کەناڵ8 ئاماژەى بەوەکرد "تەقینى بۆرییەکە ترس و دڵەڕاوکێى لاى دانیشتوانى گوندى قزلیار دروستکردووە و بەشێکیان بەناچاری و لەپێناو سەلامەتیی خۆیان، ناوچەکەیان جێهێشت".

رۆژى 23ى1ى2024 لە هەمان شوێن بۆرییەکى گاز شکا و ئەو کات فەلاح خەلیل یایچیلی، بەڕێوەبەری شارەدێى یایچی لە پارێزگاى کەرکووک بەکەناڵ8ی راگەیاند "بەهۆى کۆنى بۆرییەکانەوە، بۆرییەکى گاز شکاوە و بەهۆی ئەوەی ئاڕاستەی با بەرەو ناوچەی دانیشتنی هاوڵاتیان بووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاونیشتیمانیانی ناوچەکەیان دوورخستووەتەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیان، هەتاوەکو کاتی چاککردنەوەی بۆرییەکە و هیچ مەترسییەک لەسەر خەڵکی ناوچەکە نییە".