حەمزە یوسف دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا راگەیاند

حەمزە یوسف سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەندا فۆتۆ: AFP

رۆژی دووشەممە، 29ی نیسان، حەمزە یوسف، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا راگەیاند.

بڕیارەکەی یوسف چەند رۆژێک پێش دەنگدان لەسەر دوو پێشنیاز بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت و سەرۆکایەتییکردنی کابینەکەی دراوە.

ئەو سیاسەتمەدارە تەمەن 39 ساڵە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەست لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندیش دەکێشێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی جێنشینێک بۆ سەرۆکوەزایرانی سکۆتلەندا دەدۆزرێتەوە، لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.

ناوبراو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە بارەگای فەرمیی خۆی لە ئەدینبرە بەڕێوەچوو، روونیکردەوە "تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونە سیاسییەی ئێستا "تەنیا لە رێگەی کەسێکی دیکەی دەسەڵاتدارەوە بەدەستدێت".

روونیشیکردەوە، تاوەکو ئەوکاتەی جێنشینێک دیاریدەکرێت، لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.

حەمزە یوسف (39 ساڵ) لە مانگی ئازاری 2023 بە سەرۆکی پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا هەڵبژێردرا، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی لەناکاوی نیکۆلا ستۆرگۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەندا دوای 9 ساڵ لە دەسەڵات.

دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو دوای چوار رۆژ دێت لە رووخانی هاوپەیمانیی حکومەت لەنێوان پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا و پارتی سەوز، دوای ئەوەی حکومەتەکەی یوسف وازی لە بەڵێنێکی گەورە هێنا لەبارەی دۆخی کەشوهەواوە.

پارتی سەوز هەروەها دژی بڕیارەکەی ئەمدواییەی حکومەت بوو بۆ راگرتنی دەرکردنی رەچەتەی کۆنترۆڵکردنی تەمەنی باڵغبوون بۆ گەنجانی رەگەزگۆڕاو.

بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانە سەوزەکانی وازیان لێهێنا، پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا سەرەڕای باڵادەستیی خۆی لە پەرلەمان، کە 63 کورسی لە کۆی 129 کورسی بەدەستهێناوە، نەیتوانی هاوبەشی نوێ بدۆزێتەوە و بوو بە کەمینە.

هەردوو پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن، پێشنیازی لێسەندنەوەی متمانەیان لە حەمزە یوسف و حکومەتەکەی بەرز کردبووەوە.

بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا دەنگدانەکە ئەنجامبدرێت، هاوکات سەوزەکان رایانگەیاند "دەنگ لە دژی سەرۆکوەزیران دەدەن، بەمەش چانسی مانەوەی یوسف زۆر کەم بوو، هێشتاش پەرلەمان 28 رۆژی ماوە بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ".

حەمزە یوسف کێیە؟
لە شاری گلاسکۆ لەدایکبووە، لە قوتابخانەیەکی ئەهلی خوێندوویەتی، دواتر بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی شارەکەی بەدەستهێناوە، یاریدەدەری ئەلێکس سالمۆند بووە کە پێش ستۆرجیۆن سەرۆکی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا بوو.

باوکی پاکستانییە لە ساڵانی شەستەکاندا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ سکۆتلەندا، دایکی خەڵکی کینیایە و لە خێزانێکی باشووری ئاسیا لەدایکبووە.

لە ساڵی 2012 بووە یەکەم موسڵمان کە پۆستی وەزاری لە سکۆتلەندا بەدەستهێناوە، گەنجترین سەرکردەیە کە سەرۆکایەتیی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا بکات.

یوسف پۆستی وەزیری تەندروستی هەبووە، پێش ئەوەش وەزیری گواستنەوە، وەزیری داد بووە لە سکۆتلەندا، بووە یەکەم موسڵمان سەرۆکایەتیی پارتێکی سیاسیی گەورەی بەریتانیا بکات.

لە ساڵی 2014 دا تۆمەتبار کرا بەوەی کە خۆی لە دەنگدان لە پەرلەمان بۆ بە یاساییکردنی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان لەژێر فشاری پیاوانی ئایینی باڵای موسڵماندا بەدوور گرتووە.

لە ساڵی 2021 لەگەڵ هاوسەری دووەمی، نادیە ئەلنەخلا سکاڵایان تۆمارکرد بە تۆمەتی جیاکاری لە دایەنگەیەک گوایە "ئامادە نەبووە کچەکەیان" وەربگرێت.

پاش سەرکەوتنی ساڵی رابردوو وەک سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا، ستایشی باپیرە و باپیرەی باوکی کرد کە 60 ساڵ لەمەوبەر لە پاکستانەوە هاتبوون و گوتی: "هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەهاتووە نەوەکەیان رۆژێکدابێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی سکۆتلەندا".