کەشناسى: شەپۆلێکى بارانبارینى بەهێز هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە

بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8

بەگوێرەى پێشبینییەکانى کەشناسى، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزى بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینیدەکرێت، 50 بۆ 100 ملیمەتر باران ببارێت.

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە کەناڵ8ـى گوت، لە ئەمڕۆوە گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا دێت، پێشبینیدەکرێت لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک ناوچە نمەبارانی کورتخایەن دەستپێبکات.

روونیشیکردووەتەوە, سبەی سێشەممە 30ـى نیسان کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت، بۆ درەنگانی رۆژی چوارشەممە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، خێرایی باش کەمێک زۆر دەبێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، شەپۆلەکە بەشێکی زۆری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە دەگرێتەوە، پێشبینیدەکرێت 50 بۆ 100 ملیمەتر باران ببارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکراشیکرد، "راپۆرتی هۆشداریمان بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئامادەکردنی تیمی فریاگوزاری، بەمەبەستی رێگریکردن لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراو".