نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانى خۆى لە یاساى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەز لە عێراق نیشاندا و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکات.
رافینا شمداسانى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى مافەکانى مرۆڤى سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، نیگەرانن لەو یاسا نوێیەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تێیپەڕاندووە و تێیدا پەیوەندییە هاوڕەگەزخوازییەکان و گۆڕینى رەگەز بە تاوان لەقەڵەم دراوە.
روونیشیکردووەتەوە، ئەو یاسایە دژى چەندین پەیماننامە و رێککەوتنە لەبارەى مافەکانى مرۆڤ، کە عێراق رەزامەندی لەسەریانداوە، ئەوەش جگە لە بەڵێننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى مافەکانى مرۆڤى سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان داواشى کردووە، یاساکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
رۆژى شەممە 27ـى نیسانى 2024، پەرلەمانى عێراق یاساى قەدەغەکردنى هاوڕەگەزخوازى و گۆڕینى رەگەزى سەپەندکرد و بەگوێرەى یاساکە، سزاى ئەو دوو جۆرە کارە بەندکردنە تاوەکو 15 ساڵ، ئەوەش پاش گۆڕانکاریى دێت لە دەقى یەکەمى یاساکە کە تێیدا سزاى ئەو کارانە لەسێدارەدان بوو.