نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارى لە بڵاوبوونەوەى پەتا لە غەززە دەدات

دانوستانەکانی ئاگربەست راگیران و شاندی حەماس ميسريان بەجێهێشتووە، نەتەوەيەکگرتووەکانيش هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی لە غەززە دەدات.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە، بەمەبەستی راوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە، گەڕی دانوستانەکانی ئاگربەست لە ميسر لەم قۆناغەدا راگیراوە و شاندی بزووتنەوەکەیان ميسريان بەجێهێشتووە .

لە راگەيەندراوەکەدا هاتووە، شاندی بزووتنەوەکە وەڵامی خۆيان گەیاندووەتە نێوەندگیرییەکان لە میسر و قەتەر، لەوێ گفتوگۆی قووڵ و رژدیام ئەنجامداوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس ئیرادەی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە چوارچێوەی رێککەوتنێک دووپاتدەکاتەوە کە لەگەڵ داواکارییە نیشتمانییەکاندا بێت، دەستدرێژی بە تەواوی کۆتاییپێبهێنێت، کشانەوە لە تەواوی کەرتی غەززە بەدەستبهێنێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان، چڕکردنەوەی فریاگوزاری، دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوە و تەواوکردنی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بهێنێتەئاراوە.

ئاژانسی رۆيتەرز لە زاری چەند سەرچاوەيەکی ئاگادارەوە رايگەياندووە، شاندەکەی حەماس رۆژی سێشەممە جارێکی ديکە دەگەڕێنەوە بۆ ميسر و دواوەڵامی سەرکردايەتیی بزووتنەوەکە دەگەيەنن بە ميسر.

هاوکات رێکخراوی ئونروا، هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە کەرتی غەززە بەهۆی کەڵەکەبوونی پاشماوە، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین.

ئاژانسەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوووەتەوە، بڕێکی زۆر پاشماوە و زبڵ لە سەرتاسەری کەرتی غەززە کۆبووەتەوە و مێشوولە، مێش و مشکیش بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی لە ناوچەکە، نەبوونی هەلومەرجەکانی پاکوخاوێنیش دۆخەکە خراپتر دەکات.