بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گەیشتە تاران

رافائیل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

بۆ بەشداریکردن لە 30ـەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6ـی ئایار، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە تارانی پایتەختی وڵاتەکە و لەلایەن بیهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پێشوازیلێکرا.

هادی سەلیمی، پەیامنێری کەناڵ8 لە تاران رایگەیاند، "گرۆسی بۆ بەشداریکردن لە 30ـەیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەتۆمی و سیاسی ئەم وڵاتە هاتووەتە تاران.

گوتیشی، بڕیارە سەرەتا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە، دواتریش لەگەڵ محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی رافائێل گرۆسی لەکاتێکدایە، پێشتر پەرلەمانتار، جەواد کەریم قەدۆسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی نزیکە لە بەرهەمهێنانی 90٪ی یۆرانیۆمی پیتێنراو و گوتیشی، ئەم رێژەیە وایانلێدەکات توانای هەڵگرتن و دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان هەبێت".

لە بەرامبەردا رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو، ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی پلەی نزیک لە چەک، گوتیشی، پیتاندنی یۆرانیۆم تاوەکو ئاستێکی نزیک لە ئاستی پلەی چەک هۆکارێکی نیگەرانکەرە، بەڵام ناتوانین بڵێین سەد لە سەد ئیدی ئێران خاوەن چەکی ئەتۆمە.