بزوتنەوەى حەماس بە ئاگربەست رازی بوو

دیمەنى خانوو و تەلارە وێرانبووەکانى کەرتى غەززە، بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AP

بزوتنەوەی حەماس، هەریەک لە قەتەر و میسر ئاگاداردەکاتەوە بە رەزامەندبوونی لەسەر دەستپێشخەرییەکەیان لەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.

لە راگەیەندراوێکدا، بزوتنەوەی حەماس دەڵێت "ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، رۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیرى هەواڵگریی میسر، پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و رەزامەندبوونی بزووتنەوەی حەماسی بە قبوڵکردنی دەستپێخەرییەکەیان لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست پێ راگەیاندوون".

دوای رەزامەندبوونی بزووتنەوەی حەماس لەسەر دەستپێشخەرییەکە، لەشارى رەفەح هاوڵاتییان ئاهەنگیان گێڕا.

لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە دەرنەبڕیووە، کە لەلایەن حەماسەوە قبوڵکراوە.

زیاتر لە حەوت مانگە جەنگی غەززە دەستیپێکردووە و بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش نزیکەی 35 هەزار فەڵەستینی کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش برینداربوون.