فەڕەنسا: هێرش بۆ سەر جووەکان بە رێژەی 300% زیادیکردووە

لە فەڕەنسا هێرش بۆ سەر جووەكان زیادی كردووە. فۆتۆ: AP

حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، هێرش دژە بە جووەکان لە فەڕەنسا لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، بە رێژەی 300% زیادیکردووە.

گابرێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لە میانی خوانێکی ئێوارەدا لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرایەتی دامەزراوە جووەکان لە فەڕەنسا گوتی، هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەم شەپۆلە بکات دژ بە جووەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەس ناتوانێت خۆی لەو راستیە لابدات جووەکانی فەڕەنسا نوێنەرایەتی 1%ی دانیشتوانی فەرەنسا دەکەن، بەڵام زیاتر لە 60%ی ئەو هێرشانەی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیەوە ئەنجامدەدرێن، دژ بە ئەوانن.

ئاتال راشیگەیاندووە، لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا، 366 کردەوەی دژە جوو لە فەرەنسا تۆمارکراوە، ئەمەش بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 300% زیادیکردووە.

روونیکردەوە، نابێت هیچ پێشێلکارییەک بێ سزا تێپەڕێت، ناشبێت کەس بەدژایەتیکردنی جووەکان دڵخۆشبیت، بەڵێنیدا بە توندی وەڵامی ئەو هێرشانە بدەنەوە.