هێزەکانی ئیسرائیل دەروازەی رەفەحیان کۆنترۆڵکرد

چەند تانك و زرێپۆشێكی سوپای ئیسرائیل. فۆتۆ: AFP

هەرچەندە بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائل لەرێگەی تانک و هێزێکی زۆرەوە دەروازەی رەفەحیان لە باشوری کەرتی غەززە کۆنترۆڵکرد و ئاڵای ئیسرائیلیان لەسەر دەروازەکە هەڵکرد.

رۆژی سێشەممە 7ـی ئایاری 2024، میدیاکانی فەڵەستین لەسەرچاوەیەکی دەروازەکەوە ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، هاتوچۆ و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەرێگەی دەروازەکەوە بەتەواوی وەستێنراوە.

کۆنترۆڵکردنی دەروازەی رەفەح لە دیوی فەڵەستینەوە لەدوای ئەوە دێت، حکومەتی ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستەکەوە کە بزووتنەوەی حەماس لەسەری رەزامەندی نیشانداوە رایگەیاند، داواکارییەکانی ئەوانی تێدا نییە.

ماوەی زیاتر لەچەند مانگێکە، سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی وشکانی دەکات بۆسەر رەفەح ،کە تێیدا بە گوتەی نەتەوەیەکگرتووەکان یەك ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە لەو ناوچەیەدا دەژین.

دەروازەی رەفەح، یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکان بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ناوچەیە شوێنێکی ستراتیژییە بۆ بزووتنەوەی حەماس.