کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئەسفەهان بەردەوامە

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیسنای نزیک لە حکومەتی ئێران، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە هۆتێل عەباس لە شاری ئەسفەهانی ئێران دەستیپێکردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، تیایدا 50 زانا لە پێنج وڵاتی جیهانەوە میوانی کۆنفرانسەکە دەبن، لە کۆنفرانسەکەدا زانست و هونەرە ئەتۆمییەکان لە شێوەی دیبەیت و کۆبوونەوە باسدەکرێت، زیاتر لە 80 شارەزای ئەتۆمی لە میانی چالاکییەکانی کۆنفرانسەکەدا وتار پێشکەشدەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا پێشانگەیەکی تایبەت بە نوێترین دەستکەوتەکانی تەکنۆلۆجیای ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، پاشنیوەڕۆی دوێنی 6ـی ئایاری 2024، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گەیشتە تارانی پایتەختی وڵاتەکە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە، هەر دوێنێ گرۆسی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، بڕیاریشە لەگەڵ محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران کۆبببێتەوە.

30یەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئەسفەهان لە 6ـی ئایار تاوەکو 9ـی ئایاربەردەوام دەبێت،850 توێژینەوەی زانستیی ئەتۆمی بۆ سکرتاریەتی کۆنفرانسەکە نێردراوە، 420 توێژینەوەیان وەرگیراون و لە کۆنفرانسەکە باسدەکرێن.

هاوکات لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە دیبەتی و گفتووگۆی چڕ دەکرێت لە سەربەکارهێنانی تیشک، یۆرانیۆم ، فیزیای ناوکی و خێراکەری تەنۆلکەکان، پێوانەکردنی تیشکەکان، وزەی تێکەڵاو و پلازما، سووڕی سووتەمەنی ئەتۆمی تیشکدەرەکان ، سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمی، کشتوکاڵی ئەتۆمی، تەکنەلۆژیای کوانتەم و پەروەردەی ئەتۆمی، حوکمڕانی ئەتۆمی، گۆڕانی کەشوهەوا و رۆڵی وزەی ئەتۆمی.

پێشوتر پەرلەمانتار جەواد کەریم قەدۆسی ئەندامی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەڕلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی نزیکەی لە بەرهەم هێنانی 90٪ یۆرانیۆمی پیتێنراوو گوتیشی: ئەم رێژەیە وایان لێدەکات توانای هەڵگرتن و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیان هەبێت.