گوتەبێژى کۆمیسیۆن بۆ كەناڵ8: دەستمانکردووە بە چاپکردنی فۆرمی دەنگدان

گوتەبێژى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و دەستیانکردووە بە چاپکردنی فۆرمی دەنگدان.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی ئایارى 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "کۆمیسیۆن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستیانکردووە بە چاپکردنی فۆرمی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

گوتیشى، "فۆڕمی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێنج دانەیە و یەکێک لە فۆرمەکان بۆ دەنگدانی تایبەتە و چوار فۆڕمەکەی دیکە بۆ دەنگدانی هەر چوار بازنەکانی دەنگدانە لە هەرێمی کوردستان".

گوتەکانى جومانە غەلای لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا کۆدەنگى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەنجامدانى پرۆسەکە دروستنەبووە ئەوەش گومانى لەسەر بەڕێوەچوونى پرۆسەکە دروستکردووە.

سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، رۆژى 10ـی حوزەیرانى 2024ـی وەکو وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە و کۆمیسیۆنیش لە ئامەدەکارییەکانى بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەکە بەردەوامە.