کەناڵ8 زانیارى لەبارەی قەدەغەکردنى کارکردنى پارتى کرێکارانى کوردستان بڵاودەکاتەوە

لۆگۆى پارتى کرێکارانى کوردستان.

بەگوێرەى نووسراوێکى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق کە دەست کەناڵ8 کەوتووە، داوا لە سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق دەکات، پارتى کرێکارانى کوردستان وەک حیزبێکى قەدەغەکراو ناوزەند بکات.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، نووسراوەکە ئاڕاستەى سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق کراوە بە ژمارە 1972 لە بەروارى 28ى نیسانى 2024 و تێیدا هاتووە "دواى بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنى چالاکییە سیاسی، ئابوورى، بازرگانى و کۆمەڵایەتیی پارتى کرێکارانى کوردستان لە ناو خاکى عێراق، داوا لە سەرۆککۆمار دەکات پارتى کرێکارانى کوردستان وەک حیزبێکى قەدەغەکراو ناوزەند بکات.

داواکارییەکە دواى سەردانەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا هات بۆ عێراق لە رۆژى 24ى نیسانى ئەمساڵدا و لەگەڕانەوەى بۆ تورکیا و لەمیانەى لێدوانێکى رۆژنامەوانى سەبارەت بە سەردانەکەى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەردۆغان گوتى: لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق، باسمان لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، کرد.

گوتیشى "لەماوەی داهاتوودا ئەنجامە بەرجەستەکانی هەوڵەکانمان لەو بارەیەوە بەشێوەیەکی روون دەبینن".

هەر سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد ئەوان خوازیارن هەڵویستی عێراق و سووریا کە لە خاکەکەیانەوە هێرشدەکرێتە سەر تورکیا، هاوشێوەی هەڵوێستی ئەنقەرە بێت پێکەوە ئەو بەرەنگارییە بکەن.