بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژی کرد.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ 8ـی ئایاری 2024، بەنداوەکە تۆماری 3 ملیارمەتر سێجا ئاوی کۆکراوەی تێپەڕاند و ئاستی ئاو لەبەنداوەکەدا ژمارەکانی پاش 485 مەتری لەسەرئاستی ڕووی دەریاوە تۆمارکرد و سەڕێژی کرد.
گوتیشی، ئەوەی ئەم سەرڕێژبوونە لە رابردوو جیادەکاتەوە، خۆڕاگری و تەسلیمنەبونێتی بە داڕوخان لەبەرامبەر بوومەلەرزەی ساڵی 2017 کە بەگوڕی 7.3 پلەی رێختەر بوو، ئەوەش زیانێکی گەورەی بە بەنداوەکە گەیاند، بەڵام توانرا برینەکان و زیانەکانی ساڕێژ بکەین و جارێکی تر ئومێدی پێ بەخشینەوە کە بەنداو ی دەربەندیخان دوای 63 ساڵ تەمەن هێشتا جێگەی ئومێد و دڵنیاییە و دەتوانێت وەک پێش بوومەلەرزەکە بەرگەی لافاو و شەپۆلەکان بگرێت کە رووی تێدەکەن .