دانەغاز: 67 ملیۆن دۆلارى شایستە داراییەکانمان لە هەرێمى کوردستان وەرگرتووە

لۆگۆی دانەگاز

کۆمپانیاى دانەغاز رایگەیاند، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا 67 ملیۆن دۆلارى شایستە داراییەکانى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگرتووەو لە دەرئەنجامى باشبوونى میکانیزمى وەرگرتنى شایستە داراییەکانیان لە هەرێمى کوردستان، نەختینەى کۆمپانیاکەیان باشبووە.

کۆمپانیاى دانەغاز، لە راگەیەندراوێکدا، داهات و قازانجى لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵ بڵاوکردەوەو رایگەیاند، داهاتى کۆمپانیاکەیان لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا گەیشتووەتە 97 ملیۆن دۆلار و پوختەى قازانج 38 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە چارەکى یەکەمى ساڵى 2023 پاشەکشەى کردووە، کە لەو ماوەیەدا 50 ملیۆن دۆلار بووە . هۆکارى کەمبوونەوەى قازانجەکەشى گەڕاندوەتەوە بۆ دابەزینى نرخى وزەى فرۆشراو لە ساڵى 2024 بەراورد بە ساڵى 2023.

راشیگەیاندووە، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا لە سەر بنەماى تێکڕاى ساڵانە رۆژانە 38 هەزارو 600 بەرمیل نەوتى کۆندێسێدى لە هەرێمى کوردستان بەرهەمهێناوە و لە کۆتایی ساڵى رابردووشدا بەرهەمهێنانى گازى سروشتى لە کێڵگەى کۆرمۆر گەیشتووەتە ئاستێکى پێوانەیی کە 520 ملیۆن پی سێجایە لە رۆژێکدا.

دانە غاز لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، شایستە داراییەکانى لە هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 91 ملیۆن دۆلارو لە چارەیەکى یەکەمى ئەمساڵدا 67 ملیۆن دۆلارى وەرگرتووە.

رونیشیکردووەتەوە، بەهۆى رێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنى شایستەکانى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و پاکتاوکردنى شایستە دواکەوتووەکان، دۆخى نەختینەى کۆمپانیاکەیان باشبووە.