ئەمساڵ 965 حاجی لە پارێزگای کرماشانەوە بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە

كەعبە؛ قیبلەی موسوڵمانان و شوێنی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. فۆتۆ: AP

بەڕێوەبەری دەزگای حەج وعومرەی  پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دەزگای حەج و عومرەی پارێزگاکە هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، بۆ ناردنی حاجیانی پارێزگاکە بۆ سعودیە، دەشڵێت، ئەمساڵ 965 حاجی لە پارێزگای کرماشانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون.

سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری دەزگای حەج و عومرەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە 965 حاجی لە پارێزگای کرماشانەوە بە شێوەی هەشت کاروان کە پێنج کاروانیان سوننە و سێ کاروانی شیعەن لە رێگای دەزگای حەج و عومرەوە دەنێردرێن بۆ سعودیە.

کەریمی دەڵێت، حاجیانی کرماشان بەشێوەی کاروانی 95، 120و 135 کەسی لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تاران بەرەو خاکی سعودیە بەڕێدەکەون.

لە کاتێکدا دەستەی حەج وعومرەی ئێران پێشوتر رایگەیاندبوو، بۆ ساڵی 2024 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 90 هەزار حاجی لە رێگای 21 فڕۆکەخانەوە رەوانەی سعودیە دەکرێن، بۆ مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەکانی حەج.