کۆمیسیۆن رێکارەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانی هەڵپەسارد

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دواى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى، بڕیاریدا سەرجەم رێکارە دارایی و هونەرییەکانى پەیوەست بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەڵپەسێرێت.

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند: پاش دەرچوونى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ راگرتنى جێبەجێکردنى بڕگەى دووەم لە ماددەى دووەم کە تایبەتە بە تۆمارکردن و پەسەندکردنى لیستەکان لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لەسەر ئەو بنەمایە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا بە هەڵپەساردنى رێکارە دارایی و هونەرییەکانى تایبەت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەى دادگاى باڵاى فیدراڵى سکاڵاى تۆمارکراو یەکلا دەکاتەوە.

هاوکات عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند: دواى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى کۆمیسیۆن دووچارى ئاستەنگى بووە لە تەواوکردنى کارەکانى بە گوێرەى خشتەى دیاریکراو، بەتایبەت چاپکردنى فۆڕمى دەنگدان و کاروبارەکانى دیکەى پەیوەست بە رۆژى دەنگدانى تایبەت و گشتى.

گوتى "نازانین دادگاى باڵاى فیدراڵى چەند کاتى پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو سکاڵایەى تۆمارکراوە". جەختیکردەوە ناتوانن لە 10ى حوزەیران هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن.

رۆژى دووشەممە 6ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردو دوێنیش دادگاکە بڕیاریدا رێکارەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دابەشکردنى کورسییەکان تاوەکو یەکلاکردنەوەى سکاڵاکە رابگرێت.