بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی

گفتوگۆی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و کۆنگرێسمان براد شنایدەر

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکاتەوە و دەڵێت: هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان براد شنایدەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی 'دیموکراتەکان کۆبووەوە.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى، لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاڕاستەکردنی وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی. بۆ ئەمەش دەبێت هەموولایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێشبخەن و هەوڵەکان لەخزمەت خەڵکدا بێت."

لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى ئاماژە بەوەشکراوە، پرسی تیرۆر و بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، جەخت لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانیش لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ژیانی خەڵک.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جگەلەوەی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، راشیگەیاند، باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا. ئەوەش بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یەکێتى.