
هێزە ئەمنییەکان لە قەرەهەنجیر ڕووبەڕووى چەند تۆمەتبارێک بوونەوە.
پاش ڕووبەڕووبونەوەکە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و منداڵەکان ئازاد کران.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە شارەدێی قەرەهەنجیر هێزەئەمنیەکان ڕووبەرووی چەند کەسێک بوونەوە، کە دوو منداڵیان ڕفاندبوو، بەوهۆیەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و دواتر منداڵەکان ڕزگار کران.
پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە، بەسەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ناحیە، هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی چەند کەسێک کرا کە تۆمەتباربوون بەڕفاندنی دوو منداڵ.
لە هەڵمەتەکەدا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە شارەدێی قەرەهەنجیر بەشداربوون.
ئەو دوو منداڵەشی ڕفێنرابوون خەڵکى پارێزگای کەرکووک بوون.
زانیاریی پێشوەختە هەبووە لەسەر تۆمەتبارەکان و لەکاتی گەیشتنیان بە قەرەهەنجیر، ئاشکرابوون.
هەوڵیانداوە لە سەنتەری شارەکە خۆیان بشارنەوە و لەدەستی هێزەئەمنییەکان هەڵبێن.
وەک بەڕێوەبەرى شارەدێى قەرەهەنجیر دەڵێت، هەرچەندە ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا، بەڵام سەرئەنجام توانراوە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن کە ژمارەیان چوار کەس بوو و هیچ زیانێکی گیانی لەڕووداوەکەدا نەبووە و منداڵەکانیش پاش ڕزگارکردنیان ڕادەستی پۆلیسی کەرکووک کراونەتەوە.
