بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە پردی پەڕینەوەی گۆپاڵەدا و پردەکەی رووخاند
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بارهەڵگرێک خۆى کێشا بە پردی پەڕینەوەی گۆپاڵەی لەنزیک بازیان و پردەکەى خست، بەوهۆیەشەوە رێگای رۆیشتن و هاتن داخراوە.
عەقید شۆڕش جەلال، بەڕێوەبەری هاتوچۆی بازیان بە کەناڵ8ـی گوت؛ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر 8، بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە پردی پەڕینەوەی گۆپاڵەدا و بەهۆیەوە پردەکە کەوتووەتە خوار ودوو سایدی شەقامەکە داخراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێرەکە کوردە، هاوکات بەهۆی کەوتنی پردەکەوە هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی بازیان گوتیشی؛ لە ئێستادا توانیویانە رێگەیەکی یەکساید بکەنەوە تەنیا بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بچووک، هاوکات سەرقاڵی چاککردنەوەی رێگەکەن تاوەکو هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە و دەشڵێت، لابردنی پردەکە و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ چەند کاتژمێرێکی دەوێت.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی بازیان بۆ کەناڵ8 ئەوەشی خستەڕوو، قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبووە و بارهەڵگرەکان بە زەحمەت دەتوانن هاتوچۆ بکەن.
هاوکات راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە؛ بەهۆی رووخانی پردی پیادەڕەوی گۆپاڵە لەسەر رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵ و بە پێچەوانەشەوە، شۆفێران دەتوانن رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن کە رێگای دێلێژە بۆ سلێمانییە یاخود سلێمانی بۆ دێلێژە.
قایمقامی بازیان: بەزووترین کات هەوڵی کردنەوەی رێگەکە دەدەین
هاوکات لەسەر رووداوەکە، ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی شارۆچکەی بازیان گوتی، رووداوەکە لەکاتی دەوامدا روویداوە و ئەوەش بووەتەهۆی دروستکردنی قەرەباڵغییەکی زۆر و ئاستەنگیی هاتوچۆ دروستبووە.
قایمقامی بازیان بەکەناڵ8ـی گوت، بەزووترین کات هەوڵی کردنەوەی رێگەکە دەدەن و بەهاوکاریی پۆلیسی هاتوچۆ، رێگەی لاوەکی دابینکراوە و رێگەی کەرکوک بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە، کراوەتەوە و کراوە بە رێگەی جێگرەوە.
باسی لەوەشکرد، رێگە نییە تیمەکان بگەنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام خێرخوازان کە بەشێکی زۆریان کەسوکاری خاوەنی ئەو بارهەڵگرەن خۆی کێشاوە بە پردەکەدا، بەدەم رووداوەکەوە چوون و هەوڵی لابردنی پردەکە دەدەن.



19/05/2025