
ڕاوێژکارێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەمەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر.
دەشڵێت، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەغداد و هەولێردا هەیە.
محەممەد تەها، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا بۆ کاروباری عەرەبی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەمدواییە شاندێکی تەکنیکیمان نارد بۆ هەولێر، بەمەبەستی دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ کونسوڵخانەی سووریا، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی دراوە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێر.
پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ عێراق بەگشتی و لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەیە و ئەو پەیوەندییە بە بەها دەزانن.
سووریا پەیوەندییەکی نزیک و بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەیدا هەیە.
کردنەوەی کونسوڵخانەکەیان ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو دەگێڕێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان.
دوای گەیشتن بە ئامانجی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی، کار بۆ پەرەپێدانی کاری دیپلۆماسی لەڕێگەی نوێکردنەوەی نوێنەرایەتی و کارمەندانی دیپلۆماسی دەکەن.
لە ماوەکانی ڕابردوودا 14 نوێنەرایەتی چالاک کراون،
ئێستا ئامانجیان ئەوەیە 33 نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی دیکە چالاک بکەنەوە.
