
سوپای عێراق بۆردوومانی ناوچەیەکی لە نزیک پردێ کرد.
راگەیاندنی ئەمنیی ئاشکرایکرد، فڕۆکەکانی عێراق چەند چەکدارێکیان کردووەتە ئامانج.
راگەیاندنی ئەمنیی: لە بۆردوومانەکەدا سێ چەکداری داعش کوژراون.
راگەیاندنی ئەمنیی سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر 8 هێزە ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە سنووری ناحیەی پردێ ئەنجامداوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی بووە.
لە چوارچێوەی سنووری بەرپرسیارێتیی لیوای 32ی پیادەی سەر بە فیرقەی هەشتی میکانیکی بەڕێوەچووە.
کە تێیدا فڕۆکەکانی سوپا گورزێکی ئاسمانیی وردی لە پاشماوەی چەکدارە تیرۆریستەکان وەشاندووە.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا سێ تیرۆریست کوژراون.
ئەو کەسەش دەستگیرکراوە کە چەکدارەکانی گواستووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان لە ئێستادا بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان و پشکنینی ورد لە ناوچەکەدا و بڕیارە دواتر وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە بڵاوبکرێتەوە.
