بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پارێزگای کەرکوک: ئەوەی قەرەبووی وەرگرتبێت ئەگەری هەیە زەویی بۆ نەگەڕێتەوە
ئاری تەها بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، ئەو کەسانەی پێشتر قەرەبوویان بۆ زەوییەکانیان وەرگرتبێت رەنگە بە گوێرەی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان، زەوییەکانیان پێنەدرێتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پارێزگای کەرکوک کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی رێنمایی تایبەت بە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، بەشێک لە بڕگەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاساکە، چەند گرێ کوێرەیەکی تێدایە بەجۆرێک یەکێک لە بڕگەکان دەڵێت، هەرکەس قەرەبووی وەرگرتبێت، ئەگەری هەیە زەوییەکەی بۆ نەگەڕێندرێتەوە.
ئاری تەها، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی لیژنەکە گوتیشی، یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ کەمێک ئاڵۆزیی تێدایە و پێویستی بە روونکردنەوە هەیە.
گوتیشی، ئەرکی ئەو لیژنەیەیە کە ئەو ئەندامە تیایدا، رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات و حاڵەتەکان چارەسەر بکات و ئاسانکاری بکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک بەشی یاسایی پارێزگای کەرکوک هەموو هەوڵێکدەدەن بە زووترینکات زەوییەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـى ئایار یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى نووسینەوەى رێنماییەکانى تایبەت بە یاساى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ لە ئەمیندارێتیى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران ئەنجام بدرێت.
یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەکانیان زیاتر لە سێ مانگە دەرکراوە و هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
25/05/2025