بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە پردی زارگەلیی خەلیفان و بەشێکی داڕما
بارهەڵگرێک خۆى کێشاوە بە یەکەم پردی نێوان شارۆچکەکانی خەلیفان و سۆران و بەهۆیەوە بەشێکى پردەکە داڕما، ئەوەش ئاستەنگیى هاتوچۆى دروستکرد و تەنیا ئۆتۆمبێلى بچووک دەتوانێت بە سایدێکی پردەکەدا بڕوات.
پەیامنێرى کەناڵ8ـى رایگەیاند، تیمەکانی پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی سۆران دەستیانکردووە بەلابردنی پاشماوەی ئەو بارهەڵگرەی خۆی کێشاوە بە پردەکەدا، کە شیشی بارکردووه.
گوتیشى، لایەنی پەیوەنیدار دەیەوێت بەزوویی پردەکە چاکبکرێتەوە، کە تەنیا ئۆتۆمبێلی بچووک لە یەک سایدى پردەکەوە هاتوچۆ دەکات.
ئەوەشى روونکردەوە، "ئەگەر ئەو پردە بە زوویى چاکنەکرێتەوە، دەبێت هاونیشتمانییان و گەشتیاران بۆ گەیشتن بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، رێگەی بارزان مێرگەسور بەکاربێنن کە دوو کاتژمێر دووردەکەوێتەوە".
موحسین تەحسین، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى سۆران، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، هاتوچۆکردن لە سۆران بۆ هەولێر و بە پێچەوانە بۆ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر قەدەغە کراوە.
راشیگەیاند، تووشى گرفتى گەورەبوون و بارهەڵگرێکى زۆر کۆبووەتەوە، چونکە بەشێکی پردەکە تووشی داڕمان بووە، کار بۆ دروستکردنی رێگای جێگرەوە دەکەن کە تاوەکو ئێوارەى ئەمڕۆ تەواو بکرێت.
15/08/2025