فراکسیۆنى یەکێتى ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە
فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەى بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بابەتى نەبوونى تەوافوق نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستنى تەواوکردنى شایستە دەستوورییەکان.
کۆبوونەوەى ڕۆژى شەممە گرنگە
فراکسیۆنى یەکێتى لە ڕاگەیێندراوەکەدا، جەختدەکاتەوە لە گرنگى بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەى ڕۆژى شەممەى ئەنجوومەنى نوێنەران، لە پێناو تەواوکردنى گرنگترین شایستە دەستوورییەکان کە خۆى دەبینێتەوە لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، دواى ئەوەى ئەم دۆسییە کاتى پێویستى برد بۆ یەکلاکردنەوەى، بەجۆرێک بابەتى نەبوونى تەوافوق پێویستە نەبێتە هۆکارێک بۆ پەکخستنى تەواوکردنى شایستە دەستوورییەکان، کە بە ڕەگەزێکى سەرەکى دادەنرێت بۆ کاراکردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت و گرەنتى بەردەوامى سیاسى و دەستوورى.
"دواکەوتنى یەکلاکردنەوە ڕەوڕەوەى دەوڵەت پەکدەخات"
ئاماژەى بەوەشکردووە، دواکەوتنى یەکلاکردنەوەى ئەم پۆستە ڕەڕەوەى دەوڵەت پەکدەخات و دەبێتە هۆى کەڵەکەبوونى دۆسییە ئابوورى و خزمەتگوزاریی و ئەمنییەکان کە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە ژیانى هاوڵاتییانەوە هەیە، هاوڵاتییان عێراق چاوەڕێن لە ئەنجوومەنى نوێنەران بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکان جێبەجێبکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکانى کە دووچارى عێراق دەبن لەسەر هەردوو ئاستى ناوخۆیی و دەرەکى و باشکردنى دۆخى گوزەران و دەستەبەرکردنى هەلى کار.
پەیامێک بۆ پەرلەمانتاران
فراکسیۆنى یەکێتى ڕاشیگەیاندووە، لە ڕوانگەى بەرپرسیارێتیى نیشتمانى داوا لە پەرلەمانتاران دەکات بەشداریی کۆبوونەوەى ڕۆژى شەممە بکەن، لە پێناو بەدیهێنانى خواستەکانى گەلەکەیان و پتەوکردنى پڕۆسەى سیاسى و دیموکراسى کە لەسەر خوێنى پاک و قوربانیدانى گەلەکەیان لە پێناو عێراق و ئازادى دامەزراوە.
10/04/2026