ڕەوتى هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو ڕاگەیێنراوێکیان بڵاوکردەوە
بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن
جگە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەشداریی کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەن، فراکسیۆنەکانى ڕەوتى هەڵوێست و یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى لە ڕاگەیێنراوێکى هاوبەشدا دووپاتیانکردووەتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن و د. موسەننا ئەمین بەربژێریانە بۆ پۆستى سەرۆککۆمار.
پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی
لە ڕاگەیێنراوى هەرسێ فراکسیۆنەکەدا هاتووە، لە ڕوانگەى بەرپرسیارێتى نیشتمانی و دەستوورى و بەرجەستەکردنى پێداگریی ڕاستگۆیانەیان لەسەر پتەوکردنى سەقامگیریی سیاسى و خزمەتکردنى ڕۆڵەکانى گەلەکەیان، جەختدەکەنەوە لەسەر مکوڕبوونیان لە هەنگاونان بۆ تەواوکردنى شایستە دەستوورییەکان بەبێ دواکەوتن و دوو دڵى.
ڕێگای ڕێکخستنەوەی کاری دەستووری
فراکسیۆنەکانى ڕەوتى هەڵوێست و یەکگرتوو کۆمەڵى دادگەرى ڕاشیانگەیاندووە، بەشداریی کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنى نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دەکەن، بەو پێیەى هەنگاوێکى یەکلاکەرەوەیە لەسەر ڕێگاى ڕێکخستنەوەى کارى دەستوورى و ڕێگەخۆشکردن بۆ تەواوکردنى هەوڵە جددییەکان بەرەو پێکهێنانى حکومەتى کارا کە بتوانێت ئەرکەکانى جێبەجێبکات و خواستەکانى هاوڵاتییان لە ئاسایش و سەقامگیریی و ژیانێکى شکۆمەندانە بەدیبهێنێت.
بەربژێری خۆیان هەیە
دووپاتیشیانکردووەتەوە، بەربژێرى تایبەت بەخۆیان بۆ پۆستى سەرۆککۆمار هەیە کە د. موسەننا ئەمیینە، لە ڕوانگەى بڕوابوونیان بە توانا و لێهاتوویی لە بەجێگەیاندنى ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
پەکخستنی شایستەکان پاساوی نییە
هەر سێ فراکسیۆنەکە، دەڵێن، بەردەوامى پەکخستنى شایستەکان کارێک نییە پاساوى بۆ بهێنرێتەوە و دەرئەنجامەکانى لێکەوتەى نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان دەبێت و ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووى وڵات دەبنەوە ئاڵۆزتر دەکات.
بەرپرسیارێتیی مێژوویی
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیاندا، داوا لەسەرجەم هێزە نیشتمانییەکان دەکەن بەرپرسیارێتى مێژوویی لە ئەستۆ بگرن و بەرژەوەندى باڵاى وڵات زاڵبکەن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسى.
10/04/2026