تورکیا بەردانەوەی بڕی ئاوی ڕووباری فوراتی زیاد کرد
پووختەی هەواڵەکە
- تورکیا بڕی بەردانەوەی ئاوی ڕووباری فوراتی بۆ ناو خاکی سووریا زیاد کرد.
- بەردانەوەی ئاوەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و دەگاتە هەزار مەترسێجا لە چرکەیەکدا.
- وەزارەتی کشتوکاڵی سووریا هۆشداریی بەپەلە دەداتە جووتیاران بۆ گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی.
وەزارەتی کشتوکاڵی سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرایکردووە تورکیا ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی ڕووباری فوراتی زیادکردووە و ئاستی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی سەر ڕووبارەکە لە ناو خاکی سووریا بەشێوەیەکی زانستییانە بەرزدەکرێتەوە.
ئاستی بەردانەوەی ئاوەکە و هۆشداری بۆ جووتیاران
- بڕی ئاوەکە لە چرکەیەکدا دەگاتە 900 مەترسێجا و پاشان بۆ 1,000 مەترسێجا لە چرکەیەکدا بەرزدەبێتەوە.
- ئەم پرۆسەی بەردانەوەی ئاوە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
- داوا لە جووتیارانی پارێزگای ڕەقە و دێرەزۆر دەکرێت ئامێرەکانیان لەسەر لێواری ڕووبارەکە لابدەن و ئامادەکاری بۆ حاڵەتی نەخوازراو بڕەخسێنن.
ڕێککەوتنی مێژوویی و کێشەکانی ڕابردووی ئاو
ململانێی ئاو لەنێوان تورکیا، سووریا و عێراق پرسێکى هەستیار و مێژووییە، بەجۆرێک لە ساڵى 1987 تورکیا و سووریا ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کرد کە تورکیا پابەند کرا بە بەردانەوەی لانیکەم 500 مەترسێجا ئاو لە چرکەیەکدا، سووریاش 58%ـی ئەم ڕێژەیەی بۆ عێراق بەردەدایەوە. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سووریا چەندین جار تورکیای تۆمەتبار کردووە بەوەی ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی بۆ کەمتر لە 200 مەترسێجا لە چرکەیەکدا کەمکردووەتەوە، کە کاریگەرى لەسەر کشتوکاڵ و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی وەک تشرین و تەبقە هەبووە.
زانیاری زیاتر لەسەر بابەتەکە
تورکیا چەندین بەنداوى گەورەی لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دروستکردووە کە گرنگترینیان بەنداوی ئەتاتورکە لەسەر ڕووباری فورات، بەمەش کۆنترۆڵکردنی ئاو لەلایەن تورکیاوە هەمیشە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سێکتەری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا لە سووریا و عێراق هەبووە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی فوڕاتەوە ئەحمەد شەرع سەردانی پارێزگای دێرەزۆری کرد
لە عێراق هۆشدارى لە گەیشتنى ئاوى بەنداوە سەرڕێژبووەکانى تورکیا دەدرێت
گوتەبێژی ئیدارەی خۆجێی ئەنبار: ئاستی ئاوی ڕووباری فورات بۆ زیاد لە 2 مەتر بەرزبووەتەوە
دیجلە و فورات بەرەو مەرگ؛ کارەساتێکی ژینگەیی لە پێشە
پیسبوونی دیجلە و فورات؛ نەخۆشیی مەترسیدار و کۆچی بەکۆمەڵ لێدەکەوێتەوە
58 خولەک پێش ئێستا