دیجلە و فورات بەرەو مەرگ؛ کارەساتێکی ژینگەیی لە پێشە

مەترسیی وشکبوونی رووبارەکانی دیجلە و فورات هەڕەشە لەسەر  ژیانی مرۆڤەکان و گیانەوەران دروست دەکات
مەترسیی وشکبوونی رووبارەکانی دیجلە و فورات هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان و گیانەوەران دروست دەکات

مەترسیی وشکبوونی رووبارەکانی دیجلە و فورات تەنها کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ نییە، بەڵکو گیاندارە ئاوییەکانیش تووشی هەڕەشەیەکی گەورە بوونەتەوە. کەمبوونەوەی ئاو بووەتە هۆی زیادبوونی قەوزە و بەکتریای زیانبەخش، کە ژیانی زیندەوەرەکانی ناو ئاوی خستووەتە مەترسییەوە.

فورات لە نزمترین ئاستیدا

ئاستی ئاوی رووباری فورات لە چەند هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. ئەم دۆخە مەترسیدارە نیگەرانییەکی زۆری لەلایەن بەرپرسانی عێراق و شارەزایانەوە لێکەوتووەتەوە.

کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ئاو

کاتێک ئاستی ئاو دادەبەزێت، رووبارەکە خوڕییەکەی لەدەست دەدات و ئاوەکەی مەنگ دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەوزە و رووەکی دیکە کە بە خێرایی گەشە دەکەن. ئەو رووەکانە بڕێکی زۆر ئاو هەڵدەمژن و ئۆکسجینی ناو ئاوەکە کەمدەکەنەوە، بەمەش ژیانی ماسی و گیاندارە ئاوییەکانی دیکە دەخەنە مەترسییەوە. هەروەها، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوەکە و رێڕەوە ئاوییەکان دادەخات.

هۆشداریی ژینگەیی لە پارێزگاکان

کەربەلا: وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداریداوە کە دابەزینی ئاستی ئاوی فورات لە کەربەلا بووەتە هۆی زیادبوونی بەکتریا و پیسبوونی رووبارەکە.

نەجەف: بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی نەجەفیش ئاماژەی بەوەداوە کە کوالێتیی ئاوی فورات دابەزیوە و بەکتریا و پیسبوونێکی زۆر بەدی دەکرێت، کە ژیانی مرۆڤ و گیاندارانی ئاوی دەخاتە مەترسییەوە. دەریاچەی نەجەفیش نزیکە لە وشکبوون و ئێستا زیاتر لە حەوزێکی پڕ قەوزە دەچێت.

"گوڵی نیل" هەڕەشەیەکی دیکە

لە ناسریە، گوڵی وەنەوشەیی ناسراو بە "گوڵی نیل" لە رووباری فوراتدا بەربڵاو بووە. ئەم گوڵانە لە دوای نەوەدەکانەوە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە و بەهۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر ئاوەوە، بە "رووەکی داگیرکەر" ناسراون. هەر رەگێکیان رۆژانە نزیکەی پێنج لیتر ئاو هەڵدەمژێت، ئەمەش بڕی ئۆکسجینی ناو ئاوەکە کەمدەکاتەوە و ژیانی زیندەوەرانی ئاوی و وشکانی دەخاتە مەترسییەوە.

کەمبوونەوەی سەرچاوە دەرەکییەکان

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق، تەنها 35%ی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا)وە دێتە عێراق، دەگاتە ناوخۆی وڵات. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی ئاو لە بەنداوەکاندا بۆ کەمتر لە 8%. تەنها لە نێوان مانگەکانی ئایار و ئەیلولدا، نزیکەی 2 ملیار مەتر سێجا ئاو کەمیکردووە.