شاندى حکومەت بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا گەیشتە بەغداد

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
حکومەتی هەرێم لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە بەغدادی ئاگادارکردووەتەوە
حکومەتی هەرێم لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە بەغدادی ئاگادارکردووەتەوە

پووختەی هەواڵەکە:

  • شاندەکە بەگوێرەی سەرژمێری داوای لە 14.1%ـى پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەکات
  • شاندەکە دۆسییەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران بە کارى لە پێشینە داناوە

شاندێکى باڵاى حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ جێگریکردنی پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمى کوردستان لە پرۆژە بودجەى 2027ـى عێراق گەیشتە بەغداد.


پێکهاتەی شاندەکەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان


شاندە باڵاکەى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان پێکهاتووە لە، ئاوات جەناب، وەزیرى دارایی و ئابوورى، ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و چەند بەڕێوەبەرێکى گشتى و ڕاوێژکارێکى یاسایی و دارایی لە شاندەکەدا هەن.

ئامانجی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد

  • ئامانجى سەردانى شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ پرسى جێگیرکردنی پشکی هەرێمى کوردستانە لە پرۆژەیاساى بودجەى عێراق.
  • بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی 2027.
  • شاندى دارایی هەرێمى کوردستانیش چەندین خاڵى جەوهەرى و ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستانی خستووەتە بەردەم فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق.
  • ئامانجی شاندەکە چەسپاندنی پشکى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانە بەگوێرەى سەرژمێریى دانیشتووان جێگیر بکرێت.
  • هەرێمى کوردستان لە بودجەى بەکاربردن، داواى قەرەبووى دارایی و مافى خانەنشینانى کردووە کە لە سێ ساڵى ڕابردوودا بەشێکى زۆر لە خانەنشینان مووچە و پاداشتى خانەنشینییان وەرنەگرتووە.
  • هەرێمى کوردستان داواى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى کردووە، کە بە تێکڕا پێویستى بە تەرخانى دارایی مانگانەى 94 ملیار دینارە.

لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پلە و میلاکی وەزیفی و چەند بابەتی دیکە دەخاتە ڕوو.

هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی پشکی هەریمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە


ئامانجى سەردانى شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ پرسى جێگیرکردنی پشکی هەرێمى کوردستانە لە پرۆژەیاساى بودجەى عێراق، هاوکات بۆ هەمان مەبەست ماوەى دوو ڕۆژە شاندێکى دارایی هەرێمى کوردستان لە بەغدادە کە پێکهاتوون لە، ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بودجە و کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیى ژمێریارى ڕاوێژکارى یاسایی وەزارەتى دارایی.

بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان لە ئامادەکردنی رەشوونی پرۆژە یاسای بودجە


ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ بۆ ساڵی داراییی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا.

خستنەرووی داوا و تێڕوانینەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچە

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، تەرخانکراوی بودجەی بەکاربردن و هەروەها دۆسیەی نەوت دەخاتەڕوو.


سەرقاڵی وەزارەتی دارایی عێراق بە بودجەوە


ئێستا وەزارەتى دارایی عێراق سەرقاڵی نووسینەوەى ماددە و بڕگەکانى پرۆژە بودجەى عێراقە، کە بە بودجەى پڕۆگرام و دەرئەنجام ناودەبرێت، شاندى دارایی هەرێمى کوردستانیش چەندین خاڵى جەوهەرى و ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستانی خستووەتە بەردەم فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق و بەرپرسانى لیژنەى نووسینەوەى پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق.


کاتی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان


لە ڕۆژانى دووشەممە تاوەکو پێنجشەممەى ئەم هەفتەیە بە کاتێکى زێڕین و گرنگ دادەنرێت بۆ هەرێمى کوردستان، تاوەکو سەرجەم ئەو ماف و شایستە داراییانەى هەیانە جێگرى بکەن لە پرۆژەکەدا.

هەوڵدان بۆ چەسپاندنی لە14.1% بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان



بەگوێرەى زانیارییەکان، کە لە حکومەتى کاربەڕێکەر دەست کەناڵ8 کەوتووە، ئامانجی شاندەکە چەسپاندنی پشکى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانە بەگوێرەى سەرژمێریى دانیشتووان جێگیر بکرێت، کە لەسەدا 14.1%ـیە، هاوکات داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینار کراوە لە پرۆژە بودجەى عێراق وەک پشکى هەرێمى کوردستان، کە لەو بڕە زیاتر لە 23 تریلیۆن دینار زیاترى بۆ بودجەى بەکاربردن و پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دیناریش بۆ بودجەى وەبەرهێنانە.


داوای قەرەبووی دارایی مافی خانەنشینان


هەرێمى کوردستان لە بودجەى بەکاربردن، داواى قەرەبووى دارایی و مافى خانەنشینانى کردووە کە لە سێ ساڵى ڕابردوودا بەشێکى زۆر لە خانەنشینان مووچە و پاداشتى خانەنشینییان وەرنەگرتووە، کە پاداشتى ساڵى خزمەتیش دەگرێتەوە، کە زیاتر لە دوو تریلیۆن دیناریان داوا کردووە تەنیا بۆ قەرەبووکردنەوەى خانەنشینان کە هەمووى پاڵپشتى یاسایی هەیە.


داواکردنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان


هاوکات، هەرێمى کوردستان داواى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى کردووە، کە بە تێکڕا پێویستى بە تەرخانى دارایی مانگانەى 94 ملیار دینارە بۆ فەرمانبەرانى شارستانى و پلە بەرزکردنەوەى سەربازى، کە لە ساڵى 2026 پلەکانیان بەرزکراوەتەوە و مووچە و پلەبەرزکردنەوەکانیان ڕاگیراوە.

وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان بە پاکێجێکى ورد داواى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى کردووە کە ژمارەیان نزیکەى 16 هەزار کەسە، هاوکات داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستى کردووە.


داواکردن بۆ پابەندبوونی بەغداد بۆ پێدانی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی کوردستان


وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان داواى کردووە، کە بەغداد پابەند بێت بە پێدانى بەشە بودجەى مانگانەى هەرێمى کوردستان، کە لە 27ـى ئەیلولى 2025 و هەرێمى کوردستان پابەند بووە بە ڕادەستکردنى نەوتى خاو لە داهاتى نانەوتیی مانگانە.

شاندە باڵاکە ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە ڕێککەوتن لەسەر "بودجەی پڕۆگرام و دەرئەنجام" کە ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی نووسینەوەیەتی، تاوەکو تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم تێیدا جێگیر بکرێن.

جیاوازی بودجەی پڕۆگرام لە بودجەی ئاسایی ئەوەیە، لە بودجەی پڕۆگرامدا، تیشکی سەرەکی دەخرێتە سەر ئامانج و ئەنجامەکان، نەک تەنیا بڕگە و خەرجییەکان. لەم سیستمەدا چالاکییەکانی حکومەت دابەش دەکرێن بۆ چەند پڕۆگرام و پڕۆژەیەکی دیاریکراو، هەروەها پێوەری تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی وەزارەتەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند کارەکانیان ئەنجام و دەستکەوتی هەبووە.

هاوکات بڕیارە پاش گەڕانەوەى شاندە باڵاکە کەسانى شارەزاى دارایی لە وەزارەت و دەستەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر بچنە بەغداد تاوەکو بەرگرى لەبەشە بودجەى وەزارەتەکانى خۆیان بکەن هەم لە خەرجیی بەکاربردن و خەرجیی پڕۆژەکان، ئەوەش بە هەماهەنگى هەولێر بەغداد دەبێت.

بوونی شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە بەغداد



لە ئێستادا شاندێکی تەکنیکی دارایی هەرێم لە بەغدادن و چەندین خاڵی جەوهەرییان خستووەتە بەردەم فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق. هەرێمی کوردستان لە 27ی ئەیلولی 2025ـەوە پابەندییەکانی خۆی بۆ ڕادەستکردنی نەوتی خاو و داهاتی نانەوتی جێبەجێ کردووە، بۆیە داوا دەکات بەغداد پابەندی ناردنی بودجەی مانگانە بێت. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت شێوازی نوێی بودجە بەکاربهێنێت و هەرێمیش دەیەوێت قەرەبووی ئەو شایستە داراییانە بکرێتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا فەرمانبەران و خانەنشینان لێی بێبەش بوون.



داواکردنی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدادەوە

بەغداد بە فەرمى داواى نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان دەکات کە 400 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لە پڕۆژە بودجە جێگیر بکرێت، بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8 هەرێمى کوردستان دەیەوێت 300 هەزار بەرمیل نەوتى خاو جێگیر بکات و گلدانەوەى نەوتى خاو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان بەگوێرەى سەرژمێرى دانیشتوان زیاد بکات، لە 50 هەزار بەرمیل بۆ 140 هەزار بەرمیل.


داواکردنی داهاتی نانەوتی لە لایەن بەغدادەوە


هاوکات بەغداد داواى داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستانى دەکات هاوشێوەى نەوت، ئەم جارە حکومەتى کاربەڕێکەر دەیەوێت بە بڕگەیەک لە پرۆژە بودجە ڕێژەى 50%ـى داهاتى نانەوتیی و گەڕاندنەوەى بۆ بەغداد جێگیر بکات تاوەکو لە داهاتوودا کێشە بۆ بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دروست نەبێت.

لەبارەى ڕادەستکردنى نەوتى خاو بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى سۆمۆ و داهاتى نانەوتیی لە تەمووزى 2025 ڕێککەوتنێک کراوەو شاندى باڵاى حکومەتى کاربەڕێکەر ئەو ڕێککەوتنە بە ڕێککەوتنى کاتى دەزانن و هەڵیدەوەشێننەوە، تاوەکو بە میکانیزمێکى گونجاو کە زیان لە دارایی هەرێمى کوردستان نەدات نەوت و داهاتى نانەوتى ڕادەست بکەن.

هاوتاکردنى مینحەى زیندانیانى سیاسیی و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، یەکێکى دیکەیە لە کارە لەپێشینەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر و دەیانەوێت هاوشێوەى هاوتاکانیان مینحەیان بۆ دابنرێت و تەرخانى دارایی بۆ جێگیر بکرێت.

شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان بە ئومێدێکى زۆرەوە هەنگاوى ناوە بۆ ئەوەى بەغداد قایل بکات، کە ئەم مافە داراییانە، مافى هاونیشتمانیانە و نابێت ستەم لە هاونیشتمانییەکى هەرێمى کوردستان بکرێت کە مافى یاسایی هەیە هاوشێوەى دانیشتووانی پارێزگاکانى دیکەى عێراق.

هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی داوا و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان



شاندەکەى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى ئەوەیە زۆرینەى داواکار و مافە داراییەکان لە پرۆژە بودجەی 2027ـی عێراق جێگیر بکات، چونکە سەرجەم داواکارییەکان مافى یاساییە و بەگوێرەى یاسا پێویستە بەغداد پێیانەوە پابەندبێت.

ڕۆژی 21ی ئاب، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و کاغەز داواکاریی پشکی بودجەی هەرێمی بۆ ساڵی 2027 کە نزیکەی 29 ترلیۆن دینارە ناردووەتە بەغداد، ئەمەش لە کاتێکدا کە لە کۆبوونەوەکانی پێشووی لیژنەی ئامادەکردنی بودجەدا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان نەکردبوو.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

شاندی هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوەی بودجەی 2027 دەچێتە بەغداد

ئەحمەدى حاجى ڕەشید: وەزیرى دارایی چەند داواکارییەکى ئاڕاستەى شاندى هەرێمى کوردستان کرد

شاندى هەرێمى کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەى ئامادەکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى کرد

شاندی دارایی هەرێمی کوردستان: داوامانکردووە پشکی 14% لە بودجەی 2027 جێگیر بکرێت

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا