
ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و ئەندامى شاندى دانوستانکار ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لە بەغداد بەرهەمدار بوون، لەبارەى مووچەوە وەزیرى دارایی بەڵێنی داوە دادپەروەر بێت و هەمان مامەڵەى فەرمانبەرێکى پارێزگاکانى دیکەى عێراق لەگەڵ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکات.
ئامانج ڕەحیم، لەمیانى بەشداریکردنى بوڵتنى هەواڵەکانى کەناڵ8ڕایگەیاند، ئێستا سەرەتاى گفتوگۆکانە لەسەر ڕەشنووسى بودجە، بەڵام سەرەتایەکى جیاوازە و یەکەمجارە هەرێمى کوردستان بەشداری لە ئامادەکردنى ڕەشنووسى بودجە دەکات.
ئامانج ڕەحیم لەبارەى مووچەوە، گوتى "کارى لە پێشینەمان بووە و پێشنیازمان کردووە مووچە لە هەر ناکۆکییەک بە دوور بگیرێت". لە بەرامبەردا وەزیرى دارایی عێراق گوتویەتى "دڵنیاتان دەکەمەوە دادپەروەر دەبم".
گوتیشى "لە کۆبوونەوەکە داوامانکردووە لە دامەزراندندا، بەگوێرەى ڕێژەى دانیشتووان مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکرێت، بودجەى پێشمەرگە لە بودجەى سیادى دابینبکرێت، بڕیار لە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران بدرێت، وەزیرى دارایی بەڵێنى نەداوە داواکارییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام تێگەیشتنى بۆ دۆخەکە هەبووە و بەڵێنى داوە دادپەروەرانە مامەڵە بکات".
لەبارەى جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا، ئامانج ڕەحیم دەڵێت، بەغداد زۆر مەبەستیەتى سیستمەکە لە هەرێمى کوردستانیش جێبەجێ بکرێت دەڵێت، بەغداد داهاتى نانەوتى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵى لە هەموو داهاتى ساڵى ڕابردووى زیاتر بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە کە لە هەرێمى کوردستان سیستمەکە جێبەجێنەکراوە داهاتەکان زۆر دابەزیون.
سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بۆئەوەکرد، داوایان لە وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵ کردووە پشکى هەرێمى کوردستان لەو قەرزانە دابینبکرێت کە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژە دەدرێنە عێراق و داواى ئەوەشیانکردووە لەسەرجەم بابەتەکان ئەنجامى دوایین سەرژمێرى کارى پێبکرێت کە ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14.1% نەک ئەوەى پێشتر بڕیارى لێدرابوو لە 12.67 .
جیاواز لە بودجەکانى ڕابردوو هەوڵدەدرێت لە کاتى ئامادەکردنى ڕەشنووسى بودجە داواکانى هەرێمى کوردستان جێگەى بکرێتەوە و بودجە بە خواستەکانى هەرێمى کوردستانەوە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێت.
ڕێبەر ئەحمەد ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغداد لەسەر گومرگ ئاشکرا دەکات
شاندى هەرێمى کوردستان ئەنجامى سەردانەکەیان بۆ بەغداد خستەڕوو
شاندى هەرێمى کوردستان و وەزیرى نەوت تاوتوێى دۆسیەکانى نەوت و غازیان کرد
وەزارەتی پلاندانان و شاندی هەرێمی کوردستان بودجەیان تاوتوێکرد