
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەڵمانیا پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکان دەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا و جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەکەدا.
ڕۆژی 10ـی ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوای چەندین ساڵ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80، سەرجەم بەربەست و گرفتەکان تێپەڕێنران و تەواوی هێزەکان یەکخراونەتەوە..
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ـی گوت، بە گرنگییەوە لە جێبەجێکردن و پەرەپێدانی پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە دەڕوانن و پابەندبوونی ئەڵمانیای بۆ ئەم هەوڵانە دووپات کردەوە.
ئەڵمانیا کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە فەرمی ڕایگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئەیلول، هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە، لەکاتێکدا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعشدا، هێزی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد کە وەکو ڕاوێژکار و راهێنەر بە هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵیان بینی.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، قەبارە و شێوازەکانی داهاتووی بەشداریی ئەڵمانیا لە ئێستادا لە ژێر هەڵسەنگاندندایە، بەڵام وڵاتەکە لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەبێت لەگەڵ هاوبەشە عێراقی و کوردییەکانی و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
کونسوڵخانەکە جەختی لەوەش کردەوە، بەشداریی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەنها لە کەرتی ئاسایشدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەڵمانیا یەکێکە لە هاوبەش و بەخشەرە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان لە چەندین بواری جۆراوجۆردا و پابەندە بە بەردەوامیدان بەو هاوکارییە فراوانە.
کشانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و گۆڕینی ئەرکەکانیان
سەباح نوعمان: پێگەى هێزەکانى ئەڵمانیا دەدرێتەوە بە دەسەڵاتى فڕۆکەخانەى هەولێر
ئەڵمانیا وەزارەتى پێشمەرگەیان لەبارەى کۆتاییهاتنى ئەرکى هێزەکانى ئاگادار کردەوە
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە کۆبووەوە