کەناڵ8 ئاشکرایکرد و ئەردۆغان و زەیدی پشتڕاستی دەکەنەوە؛ تورکیا دەکشێتەوە

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە کشانەوەی سوپای تورکیا لە  عێراق. فۆتۆ: ئەرشیڤ
دیمەنێک لە کشانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق. فۆتۆ: ئەرشیڤ

پووختەی هەواڵەکە:

  • دوو ڕۆژ دوای ئاشکراکردنی زانیارییەکانی کەناڵ8، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە دەشتی نەینەوا پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینی.
  • شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق لە ئەنقەرە داوای فەرمیی بەغدادی بۆ کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی تورکیا گەیاندووەتە ئەردۆغان.
  • بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی تورکیا سەربازگەی باشیک- زێلکان بەتەواوی چۆڵ دەکەن.
  • سەربازگەی باشیک- زێلکان بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ و فەرمی ڕادەستی حکومەت و سوپای عێراق دەکرێتەوە.

ڕوونکردنەوەی ئەو زانیارییانەی بە کەناڵ8 گەیشتوون پشتڕاستی دەکەنەوە، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کەناڵ8 وەک یەکەم میدیا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دەکشێنەوە، ئێستا پەیوەندییە ئەمنییەکانی بەغداد و ئەنقەرە پێیان ناوەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە؛ بەپێی ڕێککەوتنەکە تورکیا بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چۆڵکردنی سەربازگەی باشیک- زێلکان لە دەشتی نەینەوا و ڕادەستکردنەوەی بە سوپای عێراق.


هەڵوێست و داواکارییەکانی لایەنی عێراقی بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8:

  • شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر بوونی هێزەکانی تورکیا سەردانی ئەنقەرەی کردووە.
  • شاندە عێراقییەکە لە کۆبوونەوەکانیدا بە فەرمی داوای بەزوویی کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لە دەشتی نەینەوا پێشکەش کردووە.
  • شاندەکە نامەی فەرمیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان لەبارەی کشانەوەی هێزەکان گەیاندووەتە دەست ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
  • بەغداد جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی سەروەریی خاکی عێراق و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پێویستە پرۆسەی ڕادەستکردنەوەکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت

هەڵوێستی لایەنی تورکیا:

لە بەرامبەردا، ئەنقەرە ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی دەربڕیوە؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتگیریی تەواو لە هەوڵەکانی بەغداد بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیری دەکات. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی وەک "ڕێگەی گەشەپێدان" بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق کار دەکات بۆ گەشەی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە.

پێگەی سەربازیی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان:

مێژووی جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا بۆ شەڕی 40 ساڵەی نێوان ئەو وڵاتە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەگەڕێتەوە، دواتریش لە سەردەمی سەرهەڵدانی داعشدا بە دروستکردنی بنکەی باشیک فراوانتر کرا. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی عێراق، تورکیا زیاتر لە 100 بنکە و خاڵی چاودێری هەیە. هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی CPTـی ئەمریکی، ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 135 بۆ 139 بنکە کە زۆرینەیان لە دهۆک و هەولێرن.

گرنگترین بنکەکان بریتین لە:

  • بنکەی بامەڕنێ لە دهۆک کە فڕۆکەخانەی سەربازییە.
  • بنکەی کانی ماسێ لە ئامێدی.
  • بنکەی سیرێ لە شیلادزێ.
  • بنکەکانی دێرەلووک، باتوفا، بێگۆڤا، بارەگاکانی برادۆست و سیدەکان، لەگەڵ بارەگاکانی هەواڵگریی میت لە هەولێر، دهۆک، ئامێدی و زاخۆ.
  • هەندێک لە بنکەکانی وەک بامەڕنێ و باشیک لە نێوان 20 تاوەکو 40 کیلۆمەتر دەکەونە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.

چۆڵکردنی باشیک و زێلکان لە کاتێکدایە کە هێشتا بەشێکی زۆری ئەو هێزانە بەدرێژایی ناوچە شاخاوییەکان و سنوورەکان دەمێننەوە، شارەزایانیش پێیان وایە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی دیکە پەیوەستە بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و بەهێزبوونی دیپلۆماسیی نێوان هەردوو وڵات.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ:

هێزەکانی تورکیا هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە

تۆم باراک: کشانەوەی سەربازیی تورکیا لە عێراق خاڵی وەرچەرخانە

وەزیرى ناوخۆى عێراق: پێویستە هێزەکانى پاسەوانى سنوور بچنەوە ئەو ناوچانەى سوپاى تورکیا کۆنترۆڵی کردوون

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا