
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەپێناو دەرفەتدان بە دەرچووانی ئەمساڵی 12ـی ئامادەیی، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر زانکۆلاین درێژ دەکرێتەوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستا 70%ـی دەرچووانی ئەمساڵ داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەشکردووە.
گوتیشی، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و ئەوانەى تاوەکو ئێستا فۆڕمى زانکۆلاینیان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین 48 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە.
عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند، زانکۆلاین تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی شەممە 2026/9/26، بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی درێژدەکرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا دەڵێت، ئەمە دوایین دەرفەتە و چیدی ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، بۆیە داوای لە دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی کرد، ئەوانەی تاوەکو ئێستا فۆڕمى زانکۆلاینیان پڕنەکردۆتەوە، لەماوەى ئەو 48 کاتژمێرەدا پەلە بکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى زانکۆلاین.
زانکۆلاین بۆ زیاتر لە 40 هەزار دەرچوو کارا کرا



