/

ئەتاری ئامێرێکی نوێ دەخاتە بازاڕەوە

+Atari 2600
ئامێری ئەتاری +2600

کۆمپانیای ئەتاری دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو جیهانی یارییە ئەلکترۆنییەکان، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئامێرێکی یاریکردن و کۆمەڵێک یاری نوێ دەخاتە بەردەستی بەکارهێنەرانی.

لە ئەو کاتەوەی وەید رەوزن بووە بە سەرۆکی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2021، ئەتاری هەوڵدەدات دووبارە ناوبانگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و بگەڕێتەوە لای هەوادارانی، ئەمساڵ تیشکی خستووەتە سەر یارییە کۆنەکانی، بەڵام بە شێوازی نوێ، وەکو میسڵ کۆماند، سێنتیپد و ئەتاری 50.

کۆمپانیاکە بەنیازە ئامێری یاریکردنی ئەتاری +2600، لە 17ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و بە نرخی 130 دۆلار بخاتە بازاڕەوە.

رەوزن بە کەناڵی کەیبڵ نیوز نێتۆرک (CNN)ی ئەمریکی راگەیاندووە :"بەرهەمی نوێ لە ناو +2600دا دەبێت، لەگەڵ شێوازی یایکردنی نوێ کە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران بەردەستدەبێت".

ئامێرەکە جگە لە ئەو یارییانەی تێیدایە، شریتیشی لەگەڵدا دەبێت و هەر دانەیەک 10 یاری تێدا دەبێت، هاوکات دەتوانێت شریتەکانی ئەتاری 2600 و 7800 بەکاربهێنێت.

بەگوێرەی رەوزن، یارییە نوێکان، ئەو کارەکتەرە کۆنانەی تێدایە، کە کۆمپانیاکە لە سەرەتای کارکردنیدا بەرهەمیهێناوون، بە گوتەی کۆمپانیاکە، هێشتا داواکاری بۆ ئەم جۆرە یارییانە هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە جیهانێکداین بە تەکنەلۆجیای نوێی وەکو ڤێرچواڵ ریاڵتی و ئاگیومێنتد ریاڵیتی دەورە دراوە.

رەوزن گوتیشی :"ئایا من بۆچوونموایە ئامێرەکە جێگەی ئامێرە مۆدێرنەکانی ئێستا دەگرێتەوە؟ بێگومان نەخێر، هەرگیز شتی وا روونادات و پێویستیش ناکات رووبدات، چونکە دوو شتی جیاوازن".

هەروەها سەرۆکی کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، لە داهاتوودا دەیەوێت ئامێری ئەتاری بەرهەمبهێنێت کە بتوانێت هاوشێوەی نەنتێندۆ کاربکات.

ئەم گەڕانەوەی ئەتاری لەکاتێکدایە، رووبەرووی کێبڕکێیەکی توند دەبێتەوە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو نەنتێندۆ، مایکرۆسۆفت و سۆنی.