لە ژاپۆن رۆبۆتێکی گەورەی هاوشێوەی کارەکتەرێکی ئەنیمی دروستدەکرێت

کۆمپانیای تسوبام Tsubame Industries، رۆبۆتێکی بەهێزی بە بەرزی چوار مەتر و نیو، دروستکردووە و نرخەکەی سێ ملیۆن دۆلارە.

رۆبۆتەکە، ناوی ARCHAX، هاوشێوەی گاندام "Mobile Suit Gundam" دروستکراوە، کە لە زنجیرە ئەنیمە بەناوبانگێکی ژاپۆنیدا هاتووە. لە بەشی ناوەوەی رۆبۆتەکە مۆنیتەرێک هەیە بەستراوە بە چەند کامێرایەکی دەرەوەی جەستەی رۆبۆتەکەوە. سەرنشینێک دەتوانێت بچێتە ناو رۆبۆتەکەوە و بە چەند دەسکێک لە ژوورەوە، قۆڵ و دەستەکانی رۆبۆتەکە بجوڵێنێت.

رۆبۆتەکە دەتوانێت بە دوو دۆخی جیاواز کاربکات، یەکەمیان بە دۆخی رۆبۆتی ستوونی لەسەر پێیەکان، یاخود دۆخی ئۆتۆمبێل، لەم دۆخەدا توانای گەشتکردنی بە خێرایی 10 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەیە.

ریۆ یۆشیدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تسوبام، رایگەیاند، ئامانجی لە دروستکردنی ئەم رۆبۆتە، دەرخستی خاڵە بەهێزەکانی ژاپۆنە لە بواری ئەنیمەیشن، یاری، رۆبۆت و ئۆتۆمبێلدا.

کۆمپانیاکە پلانی هەیە، لە سەرەتادا تەنها پێنج لەو رۆبۆتانە دروستبکات و بیانفڕۆشێت. هەوڵدەدات ئەم رۆبۆتە بۆ مەبەستی بارودۆخی لەناکاو، فریاگوزاری، کارەساتە مرۆییەکان و پیشەسازی بۆشایی ئاسمان بەکاربهێنێت، تسوبام، هەوڵدەدات پێشەنگی کێبڕکێی ژاپۆن لە بواری بەرهەمهێناندا بپارێزێت.