یانەی باسکەی زاخۆ گرێبەستی رەشاد حەسەنی یاریزانی پیشەگەری ئەمریکی راگەیاند، کە بەشداری یارییەکانی خولی نایابی باسکەی عێراقی ئەم وەرزە دەکات.
یانەی زاخۆ ئاشکرایکردووە، یاریزانە ئەمریکییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە شاری زاخۆ و هەمان رۆژ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە میدیاکان دەناسێنرێت.
تیپی باسکەی زاخۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرز پێشکەشدەکات و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی نایابە، یانەکە بە سەرکردایەتی میلانی سڕبی راهێنەر، لە سەرجەم گەڕەکانی سەرەتادا بردنەوەی تۆمارکردووە و یەکێکە لە بەربژێرەكان بۆ بردنەوەی ناسناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق.
لە گەڕی پێشوودا، زاخۆ توانی بردنەوە بەرامبەر یانەی نەفتی باکوور تۆماربکات، کاتێک یارییەکەی بە ئەنجامی (112-65) لێبردەوە.
هاوکات، یانەکە خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە، کە جێگر عەلی کاپتن، موراد محەمەدی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، هەروەها سێ یاریزانی پیشەگەری بیانی لە پێکهاتەکەدایە، کە لە سەرجەم یارییەکاندا پشتیان پێبەستراوە، دووان لەو یاریزانانە ئەمریکین و لە ئەمریکا یارییانکردووە.