کاتژمێرە بایۆلۆجییەکەی مێشکت تێکنەچووە؟

کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە کاریگەریی هەیە لەسەر خەوتن

ئەگەر کاتژمێرەکەی دەستت هەشت کاتژمێر پێشبکەوێت یان دوابکەوێت، هیچ خەمی رێککردنەوەی نەخۆیت و لەسەر هەمان کاتی هەڵە بڕۆیت، چیت بەسەردێت؟ ئایا کاتی کار، خواردن و خەوت هەموو تێکناچن؟

ئەو کاتژمێرە کلاسیکییە چونکە بەچاو دەیبینی و خێرا هەست بە کاریگەریی تێکچوونەکەی دەکەیت، بەزوویی رێکیدەخەیتەوە و دەیخەیتەوە سەر کاتی ستاندارد!

بەڵام هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە لەوانەیە کاتژمێرە بایۆلۆجییەکەی ناو مێشکت تێکچوبێت بۆیە خەوت تێکچووە، هەمیشە هەست بە ماندوویی دەکەیت، هەرسکردنت تێکچووە، مەزاجت باش نییە، قەڵەوبوویت، ورگت گەورە و ماسولکەکانت بچووکن؟ تۆ بیرت لێکردبێتەوە یان نا، ئەو کاتژمێرەت هەیە و دوورنییە تێکچووبێت!

بەڵێ لە مێشکی هەمووماندا کاتژمێرێک هەیە، کە لە چاوەکانمانەوە زانیاریی ورد وەردەگرێت! کاتێک چاو رووناکیی زۆری پێدەگات، بە کاتژمێرەکەت دەڵێ ئێستا کاتی کار و چالاکییە و کاتی نووستن و پشوو نییە! کاتێکیش لە تاریکیدایت، چاوەکانت بە کاتژمێرەکە دەڵێن ئیدی کاتی خەو و پشووە!

کاتی تاریکیی شەو، کاتژمێرەکە فەرمان بە جەستە دەکات هۆرمۆنی میلاتۆنین بڕێژێت، ئەوەش وادەکات جەستە خاو ببێتەوە و ئارەزووی خەو بکەین، کاتی رووناکیی رۆژیش هۆرمۆنەکانی گوشار و چالاکی دەردەدرێن و خەومان دەزڕێت!

بۆیە تۆ ئەگەر شەوەکانت تاریک نین، کاتژمێرە بایۆلۆجییەکەت سەری لێدەشێوێت و وادەزانێ رۆژە و هۆرمۆنی میلاتۆنین لە جەستەتدا کەمدەبێتەوە و خەوت دەزڕێ. کە شەو خەوت زڕا و تێرخەو نەبووی، ئیدی بە رۆژ تووشی لەشداهێزران دەبیت و هەستدەکەیت هەمیشە ماندوویت!

تێکچوونی سیستمی خەو، کە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی میلاتۆنین و زیادبوونی کۆرتیزۆڵ،  جگە لە شەکەتیی رۆژ، زۆر لێکەوتەی خراپی دیکەی دەبێت، وەکوو؛ لاوازبوونی بەرگری، کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان، تێکچوونی مەزاج، زیادبوونی دڵەڕاوکێ، کەمبوونەوەی ئارامی، زیادبوونی کێش، گەورەبوونی ورگ و بچووکی ماسولکەکان.

بۆیە بزانە کە کاتژمێرە بایۆلۆجییەکەی ناو جەستەت، زۆر لە کاتژمێرە دەستییەکەت گرنگترە بۆ پاراستنی تەندروستی، دەرووندروستی و بەرهەمداریت.

ئێستا فشارێکی زۆر دروستبووە بۆ سەر ئارامی و تاریکییە سرووشتییەکەی شەوانی جاران، ئەویش بەهۆی؛ رووناکبونەوەی ناسرووشتیی شارەکان، بەردەستبوونی مۆبایل و شاشە ئەلیکترۆنییەکان لەژووری نووستن، سەرقاڵیی زۆری رۆژ، گواستنەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژەوە بۆ شەو و خواردنی درەنگانی شەوان.

نەمانی شەوە سروشتییەکانی جاران، بە مانای تێکچوونی خەوە قووڵەکەی جاران دێت، کە ئەو شەوە ئارامە و خەوە قووڵەت نەبوو، سبەی رۆژێکی پڕ وزە و چالاکی و بەرهەمت نابێت. ئەمەش دروست ئەو تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجییەیە کە باسی دەکەین.

بۆیە ئەگەر نیشانەکانی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجیت هەیە، ئەوە لە ئێستاوە خەم لە رێکخستنەوەی بخۆ، ئەویش بە رێکخستنەوەی کاتەکانی تاریکی، رووناکی، نووستن، لەخەوهەستان، خواردن، کار و پشوو، بۆ ئەوەی نەبیتە یەکێک لەو کەسانەی نە شەوی ئارامیی تەواوە و نە رۆژی چالاکیی تەواو.