نەخۆشیی وەستانی هەناسە لەکاتی خەودا چییە؟

پرخە و هەناسەگیرانی شەوا گرفتێکی بڵاوە

د. بەنان قاسم رەسوول
پزیشکی نیشتەجێی دێرینی هەناو
راهێنراو لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا-ڤێرجینیا، لە زنجیرە کلینیکی کاریلیۆن بۆ نەخۆشییەکانی خەو

ئاشکرایە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانستی پزیشکی، جۆرەها پشکنین دادەهێندرێن بۆ زیاتر دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی کە کار لەسەر کوالێتیی ژیانی مرۆڤ دەکەن.

نەخۆشییەکانی پرخەپرخ و وەستانی هەناسە لە کاتی خەوتن، ئەو حاڵەتانەن کە کەسی تووشبوو لەبەرئەوەی لەناو خەودایە، خۆی ئاگاداری حاڵەتەکەی خۆی نییە، زۆرجار کەسی نزیکی نەخۆشەکە هەست بە پرخەپرخی زۆر و وەستانی هەناسەیان دەکات.

نەخۆشیی وەستانی هەناسە و پرخەپرخی خەو چییە؟

بەو حاڵەتانە دەگوترێ کە کەسی تووشبوو لە کاتی خەودا بە هەر هۆکارێک رێڕەوی هەناسەدانی بەتەواوی یان بە نیمچەیی دادەخرێت، بەم شێوەیەش پرۆسەی ئاڵوگۆری هەوا و هەناسەدان بە شێوەیەکی کاتی دەوەستێت، هەربۆیە ئەندامەکانی جەستە بڕی پێویستی ئۆکسجینیان بۆ ناچێت. ئەم پرۆسەیە رەنگە بۆماوەی پێنج بۆ 10 چرکە بخایەنێت، ھەندێجار زیاتریش!

ئەم پرۆسەیە کار لەتەواوی کردارە زیندەییەکان دەکات، بەشێوەیەک دەکرێت چەندین حاڵەتی وەکو جەڵتەی مێشک، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، ناڕێکیی لێدانی دڵ و چەندین حاڵەتی دیکە رووبدات.

وەستانی ھەناسە لە ھەردوو رەگەزدا بەشێوەیەکی بەرچاو هەیە و لەگەڵ تەمەن زیاتر دەبێت،

بەگوێرەی ئامارەکان بە رێژەی 24% لە پیاوان و 9% لە خانماندا هەیە. قــەڵەوی بە یەکێک لە ھۆکارە زۆر دیارەکانی دەژمێردرێت.

چۆن بزانیت تۆ یەکێکی لەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیی وەستانی ھەناسە بوویت ؟

ئەگەر ھاتوو یەکێک لەم نیشانانەت ھەبوو، باشترە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیت پشکنینی خەو بکەیت:

نیشانەکانی کاتی خەوتن:

  • ھەبوونی پرخەپرخی زۆر لە خەودا
  • نەمانی ھەناسەی لەناکاو لە خەودا و لەخەوهەستان لەبەر هەناسەتوندی
  • جوڵەی لەناکاوی دەست و قاچ لە خەودا
  • خەوی پچر پچر ( زۆر بەخەبەرھاتن لە خەودا )

نیشانەکانی کاتی بەئاگایی (لە رۆژدا)

  • سەرئێشەی بەیانیان
  • وشکبوونی دەم و گەروو
  • تێرخەونەبوون و خەواڵوویی
  • ماندووبوون و ھەستکردن بە شەکەتی
  • گۆرانکاریی دەروونی و ھەستکردن بە نائارامی و دڵەڕاوکێ
  • هەناسەتوندی

ئەگەر ھاتوو وەستانی ھەناسە لە خەودا دەستنیشان نەکرێت و چارەسەرنەکرێت چی روودەدات؟

بێگومان کوالێتیی ژیانی رۆژانەی کەسەکە زۆر گۆرانکاری بەسەردادێت، چونکە ھەمیشە لە دۆخێکی ماندووبوون و نائارامیدا دەبێت. بەمەش جگە لە جێکەوتە جەستەییەکان، جێکەوتە و کاریگەریی دەروونیشی لەسەر درووستدەبێت.

ھەر کەسێک کە نیشانەکانی وەستانی ھەناسەدانی لە کاتی خەودا ھەیە، پێویستە پشکنینی خەو بکات، بۆئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت. بە فەرامۆشکردنی نیشانەکان، رۆژ لەدوای رۆژ کاریگەرییەکانی لەسەر کوالێتیی ژیان و بەتایبەت تەندروستی زیاتردەبێت.

ئەمانەی خوارەوە لێکەوتە خراپەکانی وەستانی هەناسەن لەکاتی خەودا:

  • بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
  • تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ
  • تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە-جۆری دووەم
  • نۆبەی مێشک (بەھۆی نەگەیشتنی بڕی ئۆکسجینی پێویست)
  • جوڵەی نائاسایی لەش و گەشکە (بەھۆی کەمیی رێژەی ئۆکسجین)
  • کێشەی لەبیرچوونەوە و یادەوەری
  • خەمۆکی و گۆڕانی کەسایەتی
  • کەمبوونەوەی توانای سێکسی
  • رووداوی ھاتووچۆ
  • لەدەستدانی کار- بەھۆی سستی و خاوخلیچکی و شەکەتییەوە!