دوو پرسیاری باو لەبارەی رەبۆی منداڵان

رەبۆ

دایکێک دەپرسێت: من منداڵەکەم تووشبووی رەبۆیە، نامەوێت بەخاخ بەکاربهێنیت چونکە ماددەی ستیرۆید (کۆرتیزۆن)ی تێدایە و کاریگەریی نەرێنی دەکاتەسەر گەشە و باڵای منداڵەکەم، ئایا راستە؟!

وەڵام: نەخێر

تێگەیشتنێکی هەڵەیە، چونکە ئەو جۆرە ستیرۆید (کۆرتیزۆن)ەی لە بەخاخ هەیە رێژەکەی زۆر کەمە و بەشێکی زۆر کەمی دەچێتە دەرەوەی سییەکان و جۆری ستیرۆیدەکەش جیاوازە لەو ستیرۆیدەی کە گەشە دوادەخات. هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بە کاریگەرییەکی زۆر کەمی بەخاخ دەکەن لەسەر گەشەی منداڵ، بە پێچەوانەوە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان بە تەواوی سەلماندووە کە منداڵی تووشبووی رەبۆ ئەگەر رەبۆکەی کۆنتڕۆڵ نەبێت، مەترسیی دواکەوتنی گەشەی زیاترە، واتا بەخاخ دەرمانێکی سەلامەتە بۆ منداڵەکەت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گەشەی منداڵ نییە.

پرسیار: منداڵەکەم تووشبووی رەبۆیە و کە گەورە بوو بە تەواوی چاکدەبێتەوە، ئایا ئەمە لە رووی زانستییەوە راستە؟

وەڵام: نەخۆشیی رەبۆ لە منداڵان سێ جۆری هەیە، جۆری یەکەمیان بە هەڵکشانی تەمەن بەتەواوی چاکدەبێتەوە، جۆرێکیان بەشێوەیەکی کاتیی چاکدەبێتەوە بەڵام دەشێت لە تەمەنێکی دیاریکراو بۆی بگەڕێتەوە، جۆرێکیشیان بەداخەوە هەر لە منداڵییەوە تووشدەبێت و لەگەڵ ژیانی بەردەوام دەبێت.

د.زانا دزەیی

پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو

پسپۆڕی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان