شاری مەکسیکۆ دەبێت بە پایتەختی هونەری هاوچەرخ

لە چوارچێوەی گەورەترین فێستیڤاڵی هونەریی ئەمریکای لاتیندا، شاری مەکسیکۆ لە وڵاتی مەکسیک، نازناوی پایتەختی هونەری هاوچەرخی بەخۆی بەخشی.

ئێستا وەرزی پێشانگە و فێستیڤاڵە هونەرییەکانە لە وڵاتی مەکسیک، بەدیاریکراوییش لە شاری مەکسیکۆ، گەورەترین پێشانگە و نمایشە هونەرییەکان ئەنجامدەدرێن، لە سایەی فێستیڤاڵی هونەریی زۆناماکۆ، دیارترین هونەرمەندە هاوچەرخەکانی جیهان لە مەکسیکۆ کۆدەبنەوە، بە گوتەی هونەرمەندان، ئەم فێستیڤاڵە، بەهایەکی باڵای هونەریی هەیە، وای کردووە مەکسیکۆ ببێت بە ناوەندێکی گەورەی کۆکردنەوەی پارچە هونەرییە هاوچەرخەکانی جیهان و بەمەش نازناوی پایتەختی هونەری هاوچەرخ بەدەستبهێنێت.

لە ئاستی هونەری هاوچەرخدا، شاری مەکسیکۆ وەکو پردێکی گەورەی کولتوریی لێی دەڕووانرێت، لەماوەی رابردوودا، یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵە هونەرییەکانی ئەمریکای لاتینی لەخۆگرت بەناوی "زۆناماکۆ"، لە بیستەمین خولی خۆیدا، توانی سەرنجی هەزاران گەشتیاری بیانی و سەردانیکەری ناوخۆیی بەلای خۆیدا رابکێشێت.

بە گوتەی دیرێلیا لازۆ، رێکخەری فێستیڤاڵەکە، "زۆناماکۆ یەکێکە لە فێستیڤاڵە سەرەکییەکان، گرنگترینە لە ئاستی ئەمریکای لاتیندا، 212 نمایشکاری نێودەوڵەتیی کارەکانیان نمایش دەکەن، هونەری ئەمریکای لاتین ئامادەییەکی گەورەی هەیە، بابەتەکان پەیوەستن بە ناوچەکانی ئەمریکا و کاریبییەوە".

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی زۆناماکۆدا، سەدان هونەرمەند و رێکخەر و سپۆنسەر و کۆکەرەوەی هونەریی، روویان لە شاری مەکسیکۆ کرد، هۆڵەکانی ئەم فێستیڤاڵە لەماوەی هەفتەیەکی هونەرییدا، پڕ دەبن لە سەردانیکەر.

بە گوتەی هونەرمەندە جیهانییەکان، ئەوانەی سەرنجیان لەسەر هونەری هاوچەرخە، شاری مەکسیکۆ، سەرچاوەیە بۆ هونەری هاوچەرخ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی زۆناماکۆدا، ئەم پێگەیە بەهێزتر دەبێت.

هاوتای فێستیڤاڵی هونەریی زۆناماکۆ، دوو فێستیڤاڵی دیکەی هونەریی لە مەکسیکۆ رێکدەخرێن، کە تایبەتن بە هونەرمەندە لاوەکان، هاوکات لە ئاستی فرۆشی کتێبە هونەرییەکانیشدا، شارەکە بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆوە بینیوە و زیاتر لە هەر کاتێکی تر، سەرنجی هونەرمەندانی راکێشاوە.