گەورەترین نمایش بۆ هونەرە کۆکراوەکانی بانکسی دەکرێت

گەورەترین نمایشی تابلۆ و پارچە هونەرییەکانی هونەرمەندی نەناسراوی بەریتانی، بانکسی، لە ناوچەی سۆهۆی شاری لەندەن لە بەریتانیا ئەنجامدەدرێت.

بەناونیشانی "هونەری بانکسی"، بڕیارە رێکەوتی 11ی نیسان، گەورەترین پێشانگەی هونەریی پارچە هونەرییە رەسەنەکانی هونەرمەند بانکسی دەستپێبکات و هەواداران کۆبکاتەوە.

ئەم پێشانگەیە، لەلایەن بانکسییەوە رێکناخرێت، کە هەمیشە خۆی لە چاوی میدیاکان دووردەخاتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە جیهاندا ناسنامە راستەقینەکەی نازانێت.

لەم پێشانگەیەدا، بڕیارە 150 کاری هونەریی رەسەن و جیاوازی بانکسی نمایشبکرێن، کە لەماوەی رابردوودا، بەدرێژایی جیهان نمایشکراون و چەندین شاری جیاوازی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپایان دیوە.

ناوچەی سۆهۆ، کە یەکێکە لە ناوچە دیارە هونەرییەکانی شاری لەندەن، بە گوتەی شارەزایانی هونەر، یەکێکە لە بنکە و سەکۆ سەرەکییەکانی بانکسی، میشێل بوێرسما، رێکخەر و بەرهەمهێنەری پێشانگەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "هەڵبژاردنی ناوچەی سۆهۆ، بەهایەکی گەورەی هونەریی هەیە بۆ بانکسی، بەو هۆکارەی بنکەی کارکردنیەتی".

لە دیارترین ئەو پارچە هونەرییانەی لەم پێشانگەیەدا نمایشدەکرێن، بریتین لە: دیسمالاند، گوڵ هەڵدەر، کچێک لەگەڵ باڵۆندا و دەرکەوتنی مۆنا لیزا.

بانکسی لە ئاستی جیهانییدا ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە بە دروستکردنی تابلۆ و کاری هونەریی هەڵواسراو و سەر دیوار، لە ناوەڕۆکیاندا خاوەنی پەیامێکی رەخنەگرانە و سیاسیین و بە رووداو و پێشهاتە جیهانییەکان کاریگەر دەبن، تابلۆ و کارە هونەرییەکانی بانکسی لە ئاستی جیهانییدا نرخ و بەهایان هەزاران دۆلارە و ژمارەیەکیان بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێن.