پێشانگەیەکی ناوازەی نیو یۆرک پەیوەندی هونەر و تەکنەلۆجیا بەهێزدەکات

لەنوێترین نمایشی هونەریی خۆیدا بە ناونیشانی "پڕهەست و فرەرەهەند"، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، مۆزەخانەی هونەر و تەکنەلۆجیای "مارسەر لابز"، نوێترین نمایشی خۆی دەستپێکردووە و کاریگەریی هەماهەنگی نێوان هونەر و تەکنەلۆجیا وێنادەکات.

ماوەی دوو مانگە، نمایشی هونەریی پڕهەست و فرەرەهەندی مۆزخانەی هونەر و تەکنەلۆجیای مارسەر لابز، لە مانهاتنی شاری نیو یۆرک بەردەوامە، لەلایەن هونەرمەند "رۆی ناچوم" رێکخراوە، کە تایبەتمەندە لە دروستکردنی تابلۆ و پەیکەر و دیزاینەری دەنگ و رووناکییەکان.

لە ئامادەکردن و رێکخستنی ئەم نمایشەدا، ناچوم هاوتای مایکڵ کایری وەبەرهێنەر، 35 ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە، ئومێدەوارن لەڕێگەی بەردەوامیی نمایشەکەوە، داهاتی پێویست کۆبکەنەوە و بتوانن سەرنجی زۆرترین کەس رابکێشن.

ئامادەبوون لەم پێشانگەیەدا، نرخێکی بەرزی هەیە، پێگەیشتووان 52 دۆلار و خانەنشینان و گەنجان 46 دۆلار دەدەن بۆ بینینی کارە هونەرییەکان.

ناچوم یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی شار نیو یۆرک و ماوەی 20 ساڵە لەم شارەدا سەرقاڵی رێکخستنی بۆنە و رازاندنەوەی ئاهەنگەکانە بە رووناکی و دیزاینی ناوازە.

لەم پێشانگەیەدا، 15 ناوەندی کارتێکراو بوونیان هەیە، کە ئامادەبوو دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر دروستبکات، هاوکات، چەندین هونەری هەڵواسراو و دەنگیی بوونیان هەیە کە پەیوەندیی نێوان هونەر و تەکنەلۆجیا نیشاندەدەن.

ناچوم لەم پێشانگەیەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، گەنجان چینی بەئامانجگیراو و خوازراون بۆ ئامادەبوون لەم پێشانگەیە، ئاماژە بەوەش دەدات؛ زۆرینەی ئەو پێشانگە و ناوەندە هونەرییانەی بوونیان هەیە، ناتوانرێت دەستیان لێبدرێت، بەڵام لەم پێشانگەیەدا، دەتوانیت دەست لەکارەکان بدەیت و ژینگە و کارە هونەرییەکان پێکڕا بەرجەستە و کارتێکراون.